بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ نیکۆل پاشینیان سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، بە ئاماژە بە گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت لە پاش ئاگربەستی شەڕی 12 ڕۆژەی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە دژی ئێران و هەروەها داوای وڵاتانی ئەورووپی لە ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، وتی: ئێران لە چوارچێوە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی خۆیدا، بەردەوام پشتیوانی لە هەر هەوڵ و هەنگاوێک لە پێناو ئاشتی و ئاسایشدا کردووە.
ناوبراو وتی: وەک مێژوو دەریدەخات، ئێران هیچ کات بە دوای شەڕ و ئاڵۆزیدا نەبووە و هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا گێڕاوە. بەڵام لە کاتێکدا لە وتووێژ و دانوستاندا بووین، بە پێچەوانەی هەموو پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە هێرش کرایە سەرمان. دواتر ئەمریکا بە هەماهەنگی تەواو لە گەڵ ئەو ڕژێمە، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمەی بۆردومان کرد کە لە ژێر چاودێری و پشکنینی تەواو و یاساییدا بوون.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر پشکنین و چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا، چەندین جار سرووشتی ئاشتیانەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی سەلماندووە و جەختی لە سەر قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە سەر بنەمای فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کردووەتەوە، بنەمای حوکمدان لە سەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان بانگەشەی ناڕاست و زانیاری ساختە و پڕوپاگەندەی میدیایی بووە.
ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لە ڕوانگەی دووانەی وڵاتانی بانگەشەکاری مافی مرۆڤ بەرامبەر بە شەڕخوازی و کۆمەڵکوژی و دەستدرێژی ڕژێمی زایۆنیستی گرت و وتی: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات، لە کوشتنی ژن و منداڵان و ژینۆسایدەوە تا ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و خۆراک و دەرمان بۆ خەڵکی چەوساوە و بێ بەرگری غەززە، لە گەڵ هیچ کام لە پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتی و ئەخلاقی و مرۆییەکان ناگونجێت. بەداخەوە وڵاتانی بانگەشەکاری مافی مرۆڤ چاویان لەم ئاستە دڕندەیی و تاوانکارییە کوێر کردووە و لە بەرامبەر هاندان و تاوانکاریی ئەم ڕژیمە بێدەنگ بوون.
پزیشکیان پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەرمینیای بە مێژوویی، دۆستانە و بنیاتنەر وەسف کرد و وتی: سیاسەتی ئێمە پەیوەندی بنیاتنەرە لە گەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بە ڕۆحی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان، هەروەها جەخت لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان، هاوکاری هاوبەش و پلاندانان بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات دەکەینەوە.
لەم پەیوەندییە تەلەفوونییەدا سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ لە دەستدانی گیانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئێرانی لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە دەستدرێژییە، جەختی لە بەرژەوەندی وڵاتەکەی لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و وتی: بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی سەردانەکەی بەڕێزتانین بۆ ئەرمینیا، بۆ ئەوەی بتوانین کۆببینەوە و لە نزیکەوە وتووێژ لە سەر چارەسەرەکان بکەین بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری و بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات./.