بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە سەردەمی پاش ڕاپەڕینە گشتییەکەی ساڵی 1991 ی کوردستان کە بە حوکمڕانییەکی خۆجێی گەیشت، تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە لە دابینکردنی پێداویستییەکان و ژێرخانەکانی ئەم ناوچەیەدا هاوکاری کرد. لەم بوارەدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی تایبەتی شەهید حاجی قاسم سولەیمانی بدرێت. ئەڵبەت شەهید سولەیمانی لە قۆناغێکی هەستیاری دیکەش و لە هەلومەرجێکدا کە دۆستانی ئەمریکی و ئەورووپیی مەسعود بارزامی سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، پشتیان لەو کردبوو، لە کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر هەولێر، یارمەتیدەری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو.
زۆرن ئەو بەرپرس و کەسایەتییانەی کورد کە دانیان بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەرییان لە سەر مانەوەی هەرێمی کوردستاندا ناوە. دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی وەک حوکمڕانانی 33 ساڵەی هەرێمی کوردستان بەردەوام باسیان لە ڕۆڵ و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.
شەڕی 12 ڕۆژەی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە وێستگەیەکی نوێی تاقیکردنەوەی ڕێژەی وەفاداریی سەرکردە و کەسایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئێران. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا کارنامەیەکی ڕوون و پرشنگداری هەبوو و وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، بە تەلەفوون لە گەڵ سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژی کرد. ناوبراو هەروەها ڕێوشوێنی تایبەتی بۆ پتەوکردنی ئاسایشی سنورەکان و ڕێگری لە بەکارهێنانیان لە لایەن گرووپەکانی دژبەری شۆرشی ئیسلامییەوە گرتەبەر.
بەڵام لە ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە نێوان سەید سادق و هەڵەبجە، ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت " گوڵەخانە "، سیاسەتمەدارێکی بەئەزموون، کەسایەتییەکی بەناوبانگ و پێشمەرگەیەکی ماندوونەناس نیشتەجێیە کە هەمووان لە هەرێم بە ناوی " کاکە حەمە " دەیناسن. " محەممەد حاجی مەحمود " سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان.
لە ڕۆژانی دەستدرێژیی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کە ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ترسی ئەمریکا و ئەگەری سزادانیان، بە تایبەت ڕێگری لە گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە، تاوان و دەستدرێژییەکانیان لە دژی گەلی ئێران ئیدانە نەکرد، محەممەد حاجی مەحمود بە پشتیوانی ئاشکرا لە ئێران و ڕەخنەی توند لە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا.
لێدوان و هەڵوێستەکانی محەممەد حاجی مەحمود لەو ڕۆژانەدا بە شێوازێک شەفاف، بوێرانە و ڕاستگۆیانە بوو کە چەندین میدیای کوردی لە گەڵیدا و تایبەت بەو پرسە چاوپێکەوتنیان هەبوو.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانی ئەمریکا بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا. محەممەد حاجی مەحمود شکستەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەستدرێژیی سەر ئێران ناو برد و ڕایگەیاند کە زایۆنیستەکان بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستانە ڕوویان هێنایە شەڕی دژ بە ئێران. ناوبراو جەختیکردەوە کە ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لەم شەڕەدا مسۆگەر نابێت.
لە کاتێکدا کە پێشکەشکاری یەکێک لە بەشەکانی هەواڵی کەناڵی " ئاڤا میدیا " هەوڵی گەورەکردنی ئەوەی دەدا کە ئاسمانی ئێران لە دەستی ڕژێمی زایۆنیستیدایە، محەممەد حاجی مەحمود ڕاستییەکی باسکرد کە ئاسمانی ئیسرائیل (ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین) یش لە کۆنتڕۆڵی مووشەکەکانی ئێراندایە. ئەمەش وەڵامێکی ددانشکێن بۆ میدیاکانی بەرەی ئەمریکی – زایۆنیستی لە هەرێمی کوردستان بوو. ناوبراو ئەم پرسیارەی خستەڕوو کە " ئاسمانی تەلئەبیب لەم شەڕەدا لە کۆنتڕۆڵی کێدا بووە؟ ".
محەممەد حاجی مەحمود کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لە گەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە تایبەت شەهید سەلامی فەرماندەی پێشووی سوپادا هەبووە، ڕایگەیاند کە لە شەڕی 12 ڕۆژەدا ڕژێمی زایۆنیستی ناچار بە ئاگربەست بوو و بۆ مسۆگەربوونی ئەمەش ڕووی هێنایە دەستماچکردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
کاکە حەمەد ئێرانی بە پشتیوانی کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا ناو برد و جەختیکردەوە کە تەنیا وڵاتێکە لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی وەستاوە. ناوبراو بەردەوام ئاماژەی بە لاوازیی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە داوە.
کەسایەتییە بەناوبانگەکەی هەرێمی کوردستان ئەو پرسیارەشی خستەڕوو کە " بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە بەرامبەر چەکە کۆمەڵکوژەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا بێدەنگن و تەنانەت بۆ دەستگەیشتنی ئەو ڕژێمە بەو جۆرە چەکانە هاوکاری و پشتیوانییان کردووە؟ " و بە ڕاشکاوانە ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و لاوازیی پێکهاتەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایش گرت.
لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم کەسایەتییە سیاسییەی هەرێمی کوردستان، پیشاندەری وەفای ئەوە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو پەیوەندییەی کە زیاتر لە چل ساڵی ڕابردوو، بەردی بناغەی لە هاوکێشەی " سەنگەرە هاوبەشەکان " لە سەردەمی بەرگری پیرۆز (شەڕی 8 ساڵەی سەدام لە دژی ئێران) دانراوە.
وەفای کاکە حەمە بۆ گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لاپەڕە زێڕینەکانی پەیوەندی هاوبەشی مێژوویی لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە، بە پێچەوانەی ئەو بەرپرس و کەسایەتییانەی کە لە ژێر کاریگەری هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک ئەم مێژووەیان لەبیرکردووە./.