بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەڕانەوەی ترش کاتێک ڕوودەدات کە ترشی گەدە بەرەو سورێنچک بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی سوتان و ناڕەحەتی. نزیکەی لە سەدا 20 ی خەڵک تووشی گەڕانەوەی ترشی گەدە دەبن و ئەم حاڵەتە تا ڕادەیەک باوە.

خواردنی جۆراوجۆر کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەڕانەوە هەیە و هەندێک خواردن دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کۆنتڕۆڵکردنی ترشی گەدە. لەگەڵ ئەوەشدا، خواردنی ترش، چەور و تیژ ترشی گەدە زیاد دەکات و نیشانەکانی گەڕانەوەی گەدە خراپتر دەکات.

زەنجەفیل:

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زەنجەفیل پێکهاتەیەکی تێدایە کە کاریگەری دژە هەوکردنی هەیە. ئەم پێکهاتانە بەتاڵ بوونی گەدە لە خواردن خێراتر دەکەن و دەبنە هۆی ئەوەی ترشی گەدە کەمتر بەرەو سورێنچک بڕوات

بنێشتی بێ شەکر:

بنێشتی بێ شەکر بە ڕێژەیەکی مامناوەند، هەستی سوتان و ئازاری گەدە کەم دەکاتەوە. کاتێک بنێشت بەکار دەهێنیت، بەرهەمی ئاوی ناو دەمت زیاد دەبێت. ئاوی ناو دەم دژی ترشی گەدە کار دەکات کە گەڕاوەتەوە بۆ سورێنچک.

خۆراکی پڕ ڕیشاڵ:

توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی خواردنی پڕ ڕیشاڵ دەخۆن هەرسیان باشترە و کەمتر تووشی سوتان و ئازاری گەدە دەبن. ئەو خۆراکانەی پڕ ڕیشاڵن بریتین لە: میوەی وەک سێو، مۆز، هەڵوژە و توو. چەرەسات. سەوزەی وەک سپێناخ و برۆکلی. دانەوێڵە تەواوەکان.

هەنگوین:

هەنگوین سوودی زۆری هەیە، لەوانە یارمەتیدان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری گەڕانەوە ترشی گەدە. هەنگوین دەتوانێت حاڵەتێک لە گەدە و سورێنچکدا درووست بکات کە ڕێگری دەکات لە جوڵەی ترشی گەدە بۆ ناو سورێنچک.

پڕۆتینی کەم چەوری:

لەوانەیە تێبینی ئەوەت کردبێت کاتێک پرۆتینی بێ چەوری وەک مریشک، قەل و ماسی دەخۆیت سوتان و ئازاری گەدەت کەم دەبێت. باشترە کەمترین ڕۆن و کەرە بەکار بهێنیت لەکاتی ئامادەکردنی گۆشتی بێ چەوری یان خواردنی دەریایی./.