بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق باراک، ژنڕاڵی دیاری زایۆنیست و بەرپرسی پێشووی تاوتوێکردنی سکاڵاکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کە لە سەرەتای شەڕی غەززەوە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی بنیامین نتانیاهۆ و کابینەکەی، زۆرترین ڕەخنەی لەو ڕژێمە و سوپاکەی هەبووە، لە وتارە نوێیەکەیدا ڕایگەیاندووە: ئێمە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا دەژین کە گۆڕانکارییەکان زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراون و ئەگەر سوپای ئیسرائیل بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی نوێ و شەڕەکانی داهاتووی نابێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق باراک لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی کەناڵی 7 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە: " هەروەک چۆن ئێمە ئامادە نەبووین بۆ شەڕی غەززە، شەڕی داهاتووش دەکرا دەیان هێندە بە ئازارتر بێت. ئەمانە بۆچوونی شەخسی من نین؛ بەڵکوو ڕاستییەکن کە لە لێدوانی ئەفسەرە باڵاکانی سوپای ئیسرائیلدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، لە فەرماندەی لیوا و فەرماندەکانی کەتیبە و کۆمپانیاکانەوە ".
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە " ئەوان لە سەر باروودۆخی سەختی مەیدانیy سوپای ئیسرائیل قسەیان لە گەڵ کردم و داوایان کرد کە وردەکارییەکانی ئەو وتووێژانە بە نهێنی بمێننەوە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا هەر کەسێکی مەعقول دەتوانێت لەوە تێبگات کە ئێمە لە شەڕی حەماسدا زیانمان بەرکەوتووە.
ئەو ژنڕاڵە زایۆنیستە هەڕەشەکانی بەردەم ڕژێمی زایۆنیستی بەم شێوەیە ڕیز کرد:
حیزبوڵڵا بە تەواوەتی شکستی نەهێناوە و هێشتا سەدان کیلۆمەتر تونێل و عەمبارکردنی تەقەمەنی ئەوەندەی هەیە کە ئیسرائیل لە بەرەی باکوردا پەک بخات، هەروەک لە ڕابردوودا وەها بووە. نابێت لەبیرمان بچێت کە چۆن حیزبوڵڵا توانی بۆ ماوەی هەفتە و نیوێک ڕۆژانە زیاتر لە 100 موشەک بەرەو تەلئەبیب بتەقێنێت و بەرەی باکوری ئیسرائیل (فەڵەستینی داگیرکراو)ی بەتەواوی ئیفلیج کرد. تواناکانی حیزبوڵڵا تا ئەمڕۆش هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و سوپای ئیسرائیلیش بە باشی ئاگاداری ئەمەیە، هەر بۆیەش تەواوی فیرقەیەک ڕەوانەی سنوری باکوور کرا، لە ترسی ئەوەی کە حیزبوڵڵا لە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بەشداری شەڕەکە بکات.
سوریا: هەموومان ئەو دروشمانە باشمان لەبیرە کە بەڵێنی ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەدیان لە سوریادا دەدا، بەڵام ئەوەی لە سوریا بەدەستمان هێنا ڕژێمێکی تیرۆریستی مرۆڤکوژ بوو. جگە لەوەش تورکیا توانیویەتی لە ڕێگەی ڕژێمی نوێی سوریاوە کاریگەرییەکی زۆر لەو وڵاتە بەدەستبهێنێت و چەندین جار زیاتر لە حکومەتی بەشار ئەسەد مەترسی لەسەر ئیسرائیل درووست دەکات.
سنورەکان لەگەڵ ئەردەن: بەدرێژایی سنوری 300 کیلۆمەتری لە گەڵ ئەردەن، گرووپە چەکدارەکانی دژە ئیسرائیل کاردەکەن کە لە هەر ساتێکدا مەترسی درووست دەکەن.
میسر: میسرییەکان خۆیان بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل ئامادە دەکەن و هێزی پێویستمان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
کەرتی خۆرئاوا: لە ئێستادا سوپا هێزی وشکانی پێویستی نییە کە هەموو ناوچە سنورییەکانی کەرتی خۆرئاوا بگرێتەوە.
ئیسحاق باراک لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جگە لەوەش دۆخی هێزی شەڕکەری سوپای ئیسرائیل زۆر لە پێشوو خراپتر بووە و سوپا هێزێکی وشکانی بچووک و کۆن و داڕماوی هەیە کە تەنانەت ناتوانێت حەماسیش تێکبشکێنێت.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: جگە لەوەش ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو لە جۆرە جیاوازەکان و سوپای ئیسرائیل هیچ وڵامێکی بۆ ئەو هەڕەشەیانە ئامادە نەکردووە.
لە کۆتایی وتارەکەدا هاتووە: دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل کە 12 ڕۆژی خایاند، ئێران بەردەوامە لە پێشخستنی توانا مووشەکییەکانی. لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل هەتاکوو ملی لە زەلکاوی کەرتی غەززەدایە و سوپاکەی بۆ شەڕی داهاتوو ئامادە نەکردووە. شەڕێک کە هەڕەشەکانی زۆر لەوە توندتر دەبن کە تا ئێستا زانیومانە. بە گشتی بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە فەرماندەی ئێستای سوپای ئیسرائیل تەنیا بیر لە ئێستا دەکاتەوە و هیچ پلانێکی بۆ داهاتوو نییە./.