تاڵەبانی ئاشکرای کرد کە لە سەردانی ئەم دواییەیدا بۆ تاران، گفتوگۆی چڕ و گرنگ کراوە لەسەر چۆنییەتیی پاراستنی کوردستان بە گشتی لە ئەگەری هەر ململانێ و پێکدادانێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لە بەرقەرارکردنی سەقامگیریدا و وتی: «زۆربەی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ ڕادەستکردنی چەکدان؛ تێگەیشتوون ئەمە بۆ داهاتووی عێراق باشترە و بە هاوکاریی ئێران دەتوانین ئەو گرووپانە بگێڕینەوە ژێر سایەی دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەتی عێراق، بەڵام ئەمە کات و متمانەی پێویستە.»

سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندییەکی مێژوویی و لەمێژینەیان لەگەڵ تاران هەیە و لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران لە گفتوگۆدان بۆ پەیڕەوکردنی پرۆسەیەکی ئاشتییانە و دیپلۆماسی هاوشێوەی پرسی باکوور لە ناوچەکەدا. هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێتی هەرچەندە شانازی بە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێران و زلهێزەکانی دیکەی جیهان دەکات، بەڵام سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی خۆی پاراستووە و «پیاوی کەس نەبووە و نابێت».

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لە پانێڵی دیداری مێری، بافڵ تاڵەبانی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێم و ئاماژەی دا کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا لە ئاستێکی باشدایە، هاوکات ئامادەیی یەکێتیی دووپاتکردەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی یەکسان و جدی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ لە پێناو دەربازکردنی ناوچەکە لە مەترسییە ئابووری و ئەمنییەکان.