پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٧٪ کەمکراوەتەوە. لە کۆی ٢١٧ تریلیۆن دینار، نزیکەی ١٣ تریلیۆن دینار بۆ هەرێم دیاری کراوە؛ بەڵام گەرەنتییەکی یاسایی بۆ ناردنی مووچەکان بەبێ کێشە لە ساڵی داهاتوودا نییە.ڕەشنووسی بودجەکە داوای گەڕاندنەوەی ١٢ تریلیۆن دینار بەرامبەر بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، هەناردەکردنی ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و ڕادەستکردنی غازی سروشتیی زیادە بە بەغدا دەکات. هەرێمیش داوای جێگیرکردنی مافەکانی لە بواری دامەزراندن، مووچە و ئیمتیازاتی فەرمانبەران کردووە.پارتی و یەکێتی بە پڕۆژەیاساکە ڕازی نین و دەڵێن دەنگی پێ نادەن. چاوەڕوان دەکرێت شاندی هەرێم جارێکی تر بۆ بەغدا بچێتەوە و بەرپرسانی عێراق نیگەرانییەکانی هەرێم لەبەرچاو بگرن.
ترسی ئەوە هەیە سێ ڕۆژی دیکە بەبێ ڕێکەوتن پڕۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان بنێردرێت
جام کوردی - لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2027، هەرێمی کوردستان و عێراق هێشتا ڕێکنەکەوتوون، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە کراوە و ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و لە سێ ڕۆژی داهاتوودا دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام حکومەتی کوردستان تیبێنی لەسەری زۆرە و پێی ڕازی نییە.
October 12, 2026