عەلیرەزا بیگدلی، بەرپرسی بە وەکالەتی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەفغانستان، لەگەڵ جەبارعەلی زاکری، کارگێڕی گشتی کۆمپانیای شەمەندەفەری کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و وتووێژی کرد.

لەم دیدارەدا پلانی هاوکاریی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و ئەفغانستان بە شێوەیەکی هەمەلایەنە پێداچوونەوەی بۆ کرا.

لەم دیدارەدا جێگری وەزیری ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان بە ئاماژەدان بە گرنگی پەرەپێدانی ژێرخانی هێڵی ئاسنین لە ناوچەکە وتی: هێڵی ئاسنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پاڵپشتی حکومەت و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی کۆمپانیا گەورەکانی ئێران، ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەرەپێدان و سوود وەرگرتن ڕێڕەوی شەمەندەفەری ئێران-ئەفغانستان-چین دەگێڕێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پەرەپێدانی گواستنەوەی هەرێمایەتی و هەروەها ئەم کۆبوونەوەیەی بە دەرفەتێک زانی بۆ پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکان و پلانەکانی داهاتوو سەبارەت بە ڕێڕەوی گواستنەوەی شەمەندەفەری نێودەوڵەتی.

هەروەها بەستنەوەی ئەم ڕێگایە نەک هەر ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی بار و سەرنشینەکان لە نێوان هەر سێ وڵاتەکەدا دەکات، بەڵکو توانایەکی بەرز بۆ گەشەی ئابووری و زیادبوونی قەبارەی بازرگانی لە ناوچەکەدا دابین دەکات.