ڕاپۆرتەکە بە دیاریکراوی ناوی کەناڵەکانی (ڕووداو، کوردستان ٢٤ و ئاڤا میدیا) دەهێنێت و جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەزگایانە لە کاتی جەنگ و ئاڵۆزییەکاندا، وێنەیەکی قەیراناوی لە ناوخۆی ئێران نیشان دەدەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، بینەرانی ئاژانسی فارس داوایان کردووە ئەم میدیایانە بەهۆی "کارە دژە ئێرانییەکانیان" وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بناسێندرێن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە میدیای "ئاڤا" و کەناڵەکانی دیکەی سەر بە پارتی، هەوڵیان داوە هێرشە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی گروپە نەیارەکان وا وێنا بکەن کە "شوێنی مەدەنی" و خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج، ئەمەش بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانی تاران و هەولێر. ئاژانسی فارس دەڵێت ئەم کەناڵانە بوونەتە تریبۆن بۆ سەرکردەی گروپە "جوداخوازەکان" و کەسایەتییە دژبەرەکانی ئێران، تاوەکو فەزای ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکاندا چڕتر بکەنەوە.

پسپۆڕانی ناو ڕاپۆرتەکە پێیان وایە ئەم میدیایانە تەنها لایەنە نەرێنییەکان و تێکچوونی ژێرخانەکانی ئێران گەورە دەکەنەوە و ڕاستی مەیدانی دەشارنەوە، کە ئەمە وەک "ئۆپەراسیۆنی دەروونی" ناوزەند کراوە.

ئەم هێرشە توندەی میدیای فەرمیی ئێران بۆ سەر میدیاکانی پارتی نیشانەی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی تاران و هەولێرە لە ژێر سێبەری جەنگی ئێران و ئەمریکادا.