ئەمڕۆ یەکشەممە دکتۆر ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی “لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی سیاسەتی هاوردەکردن”ی کرد (کە بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە 37ی ساڵی 2024 پێکهێنراوە)، بە مەبەستی تاوتوێکردنی بابەتەکانی ناو کارنامەی کۆبوونەوەکە و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست.
بەپێی کۆبوونەوەکە، ئەم بڕیارانە دران:
دیاریکردنی نرخ: نرخی فرۆشتنی یەک تەبەقە هێلکە بە شەش هەزار دینار دیاریکرا.
ڕەسمی گومرگی: بڕیاردرا ڕێژەی (20%) وەک ڕەسمی گومرگی لەسەر هێلکە دابنرێت، ئەمەش بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و جێگیرکردنی نرخ لە بازاڕەکاندا.
وەزیری بازرگانی جەختی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە چاودێرییەکان کردەوە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ، هەروەها ڕایگەیاند کە پێویستە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە یاری بە نرخەکان دەکەن.
هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد هاوکار بن و لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی تەلەفۆنی (911)، هەر سەرپێچییەک لە نرخە دیاریکراوەکاندا هەبوو دیاری بکەن و ئەوانی لێ ئاگادار بکەنەوە، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی حکومەت لە پێناو پاراستنی بەکاربەر و چەسپاندنی سەقامگیری لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا.