لە ڕۆژی جیهانی تالاسیمیا دا، بانکی خوێنی هەولێر ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی تووشبووانی تالاسیمیا بە دابینکردنی نزیکەی ٥٠ بوتڵ خوێنی ڕۆژانە نیشان دەدات، ئەم بەشدارییە هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن هەیە، هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، سەنتەری تالاسیمیای هەولێر کە زیاتر لە هەزار تووشبووی تۆمارکردووە، نەک تەنها ڕۆژانە خوێن دابین دەکات بەڵکو چەندین پشکنینی بێبەرامبەریش بۆ چاودێریکردنی تەندروستی تووشبووەکان پێشکەش دەکات، ئەم پشکنینانە بارودۆخی نەخۆشەکان هەڵدەسەنگێنن، ئاڵۆزییەکان زوو دەستنیشان دەکەن و پلانەکانی چارەسەرکردن ڕێنمایی دەکەن.

بەشی تالاسیمیا لە بانکی خوێنی هەولێر ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی خوێنی پێویست و ناردنی بۆ سەنتەری تالاسیمیای هەولێر و، بەڕێوەبەری ئەم بەشە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆژانە لیستێکیان بەدەست دەگات و تێیدا زانیاری و ژمارەی ئەو بوتڵە خوێنانەی تێدایە کە پێویستە دابین بکرێت.