قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە لە ڕێگەی لیژنە هاوبەشەکانەوە ئاگادارییەکی ئاراستەی سەرجەم نانەواخانە، سەمونخانە و کولێرەخانەکانی سنوورەکە کردووە و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پابەندی کێش و نرخە دیاریکراوەکان بن، بە پێچەوانەوە لەلایەن لیژنەی سووتەمەنییەوە غازی حکومییان بۆ دابین ناکرێت.
بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، نانەواخانەکان پابەند کراون بەوەی 8 نان بە 1000 دینار بفرۆشن و کێشی هەر گونکێک 100 گرام بێت، هەروەها سەمونخانەکانیش دەبێت 10 سەمون بە 1000 دینار بدەن بە هاوڵاتییان و کێشی هەر گونکێک بە هەمان شێوە 100 گرام بێت.
سەبارەت بە کولێرەخانەکان، بڕیاردراوە 8 کولێرەی سادە بە 1000 دینار بفرۆشرێت و کێشی هەر گونکێک لەنێوان 115 بۆ 130 گرامدا بێت، هاوکات نرخی یەک کولێرە بەقیمە بە گۆشتی خۆماڵی بە 1250 دینار و 4 کولێرەی کونجی یان زەعفەران بە 1000 دینار دیاریکراوە.