جام کوردی - دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرییسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی، دانیشتووانی دوورگەکانی کەناری و ئەو کەسانەی لەناو کەشتیی گەشتیاری "MV Hondius" دان دڵنیاکردەوە کە مەترسی ڤایرۆسی "هانتا" هێشتا کەمە.
تێدرۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش پڕۆسەی گواستنەوەی سەرنشینانی کەشتییەکە کە بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ئەنجام بدرێت، ڕایگەیاند: ئەم نەخۆشییە کۆڤید نییە، ئێمە وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی چەندین جار ئەمەمان ڕاگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی دەوروبەری کەشتییەکە "تەواو پاساوهەڵگرە"، چونکە پەتای کۆرۆنا کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەبوو و مرۆڤایەتی تووشی شۆکێک کرد کە تا ئێستاش لە یادەوەریماندا "بە زیندوویی ماوەتەوە"، بەڵام دۆخی ئێستا "زۆر باشترە.
سەرۆکی ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردەوە کە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە "کەمە"، چ لەسەر ئاستی جیهان و چ بۆ دانیشتووانی دوورگەکانی کەناری کە کەشتییەکەی لێ لەنگەر دەگرێت. ڕوونیشیکردەوە : کە ئەمە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە: یەکەم، سروشتی خودی نەخۆشییەکە.
دووەم، ئەو ڕاستییەی کە حکومەتی ئیسپانیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر کێشەیەک.
پێدەچێت تووشبوونەکانی سەر کەشتییەکە بەهۆی ڤایرۆسی "ئەندێز" (Andes virus) بێت، کە تەنها جۆری ناسراوی ڤایرۆسەکانی "هانتا"یە کە دەتوانێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازرێتەوە،بەڵام شارەزایان و سەرچاوە پزیشکییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم گواستنەوەیە دەگمەنە و تەنها لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیک و درێژخایەن لەگەڵ کەسی تووشبوو ڕوودەدات، وەک لە نێوان ئەندامانی یەک خێزان یان کارمەندانی تەندروستی، ڕێژەی مردنیش لە حاڵەتە سەختەکاندا دەگاتە 40%.
دکتۆر لوسیل بلومبێرگ، پسپۆڕی نەخۆشییە گوازراوەکان، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناو کەشتییەکەدا وتی: ئەمە کۆڤید نییە، تەنانەت ئەنفلۆنزاش نییە،ئەمە ڕووداوێکی نائاساییە بۆ گواستنەوەی هەوکردن لە نێوان مرۆڤەکاندا، پێدەچێت بەهۆی ژینگەی داخراوی ناو کەشتییەکەوە ڕوویدابێت.
چاوەڕوان دەکرا کەشتییەکە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بگاتە دوورگەی ،تێنەریف لە ئیسپانیا، لەوێ نزیکەی 150 سەرنشین دادەبەزێنرێن،و مۆنیکا گارسیا گۆمێز وەزیری تەندروستی ئیسپانیا و فێرناندۆ گراندی مارلاسکا وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا، جەختیان کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوخۆدا نابێت و پڕۆسەی گواستنەوەکە خێرا دەبێت بە بەشداری بەلەمی بچووکتر و پاس بۆ گواستنەوەی سەرنشینەکان بۆ فڕۆکەخانە و پاشان بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
شایانی باسە ماوەی مانی ڤایرۆسەکە (ئەو ماوەیەی لە نێوان بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە و دەرکەوتنی نیشانەکانە) لە نێوان هەفتەیەک بۆ هەشت هەفتە دەخایەنێت، ئەمەش پڕۆسەی شوێنکەوتنی ئەو کەسانەی بەرکەوتنیان هەبووە ئاڵۆز دەکات، تا ئێستا سێ کەس لەسەر کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە، کە ژنێکی ئەڵمانی و ژن و مێردێکی هۆڵەندین. هەروەها سەرنشینێکی بەریتانی بە فڕۆکە بۆ باشووری ئەفریقا گواستراوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.
هەرچەندە هەندێک لە ڤایرۆسەکانی "هانتا" دەبنە هۆی نەخۆشی مەترسیدار بۆ مرۆڤ، بەڵام تووشبوونی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان تا ڕادەیەک دەگمەنە و ساڵانە هەزاران حاڵەت تۆمار دەکرێن کە زۆربەیان لە ئاسیا، و ئەورووپا و هەردوو ئەمریکادان.
لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی تایبەتی دژە ڤایرۆس یان کوتانێکی پەسەندکراو دژی ڤایرۆسی هانتا نییە و چاودێرییە پزیشکییەکان تەنها لەسەر چارەسەری پاڵپشتیکار (Supportive treatment) چڕدەبنەوە.