بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، لەبارەی چاودێریی بازاڕ بۆ جەژنی قوربان رایگەیاند، لەڕێگەی شەش لیژنەوە چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەین، هەر کەسێک قۆرغکاریی بکات و نرخ گران بکات ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

لەبارەی جۆری سزاکان ئاماژەی بەوەکرد، “سزای ماددی کە لە دەسەڵاتی ئێمەدایە لە 50 هەزار دینارەوە تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، ئەگەریش قورستر بێت ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دەکرێت و تاوەکو دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار  دەڕوات، ئەگەریش سزاکەی گەورەتر بوو دۆسیەکەی ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی دەکرێت و پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار غەرامە دەکرێت”.

باسی لەوەشکرد، “لەکاتی دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە شوێنەکە دادەخرێت”.

لەبارەی داشکاندنی نرخ، بڵند ئەحمەد وتی، هەر شوێنێک داشکاندن بکات بەڕێوەبەرایەتیمان ئاگاداردەکاتەوە، لیژنەیەک سەردانیان دەکات تاوەکو بزانین داشکاندنەکە ڕاستەقینەیە، ئەگەر ڕاست بوو دەستخۆشیی لێدەکرێت و بە پێچەوانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.