بەهۆی شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەکانی ئەمساڵ، ژێرخانی ئاویی هەرێمی کوردستان بووژانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. لە ئێستادا ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و تەنیا یەک مەتر و 88 سانتیمەتری ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی پڕ ببێت. 


کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان ڕایگەیاند تەنیا یەک مەتر و 88 سانتیمەتر ماوە بۆ ئەوەی بەنداوەکە بە تەواوەتی پڕ بێت.

٠ پرۆسەی پڕبوونی بەنداوەکە بەستراوەتەوە بە بەردەوامیی کۆگاکردنی ئەو بڕە ئاوە زۆرەی کە لە سەرچاوەکانەوە دەڕژێتە ناو حەوزەکە.

زانیاریی زیاتر: چوار بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان (دووکان، دەربەندیخان، دهۆک و گۆمەسپان) پێکەوە توانای کۆگاکردنی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 8 ملیار مەتر سێجا ئاو لەم بەنداوانەدا کۆکراوەتەوە، ئەمەش گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو لە وەرزەکانی داهاتوودا. هاوکات، هەر 21 بەنداوە بچووکەکەی هەرێم لە سەرجەم ناوچەکان بە تەواوی پڕ بوون.

بەنداوی دووکان گەورەترین کۆگای ئاوی هەرێمی کوردستانە و بە تەنیا توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. پڕبوونی ئەم بەنداوە نەک تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا گرنگە، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناوچەیەکی فراوان.