دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە 50 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی مانگی نیسان (چوار) ڕادەستی بانکی ناوەندیی عێراق کرد، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ، فەرمانی خەرجکردنی مووچەی دەرکرد.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پارەکە ئەمڕۆ دەگات و سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت. وەزارەت خەریکی ئامادەکردنی خشتەی دابەشکردنی مووچەیە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا پرۆسەکە کۆتایی بێت.
ئەم مانگەش مووچە بەشێوەی کاش و ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت؛ ئەوانەی تاوەکو ئێستا نەچوونەتە ناو هەژماری من بە کاش مووچە وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە ڕێگەی هەژماری من و لە ڕێگەی سەکۆی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان وەردەگرن.