بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە.

لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری شارەکان نمە باران و هەورە بروسکە دەستپێبکات، هاوکات بوونی تۆزێکی سوک لە کەشدا بەدی دەکرێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری هەرێم.

ڕوونیشیکردەوە کە پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزم دەبنەو و بەرزترین پلەی تۆمارکراو لە گەرمیان دەبێت کە 37 پلەیە، لە کاتێکدا لە هەولێر، دهۆک و زاخۆ 32 پلە و لە سلێمانیش 30 پلەی سیلیزی دەبێت. نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 19 پلەیە.

سەبارەت بە سبەینێ چوارشەممە، کەشناسی ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما 1-3 پلە زیاتر نزم دەبنەوە. ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان بە نیمچە هەوری دەمێنێتەوە و ئەگەری نمە باران و هەورە بروسکەی لێ دەکرێت.

هەروەها کەشناسی هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا، بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و ئیدارەی گەرمیان.

ڕوونیشیکردەوە کە خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت بەڵام لە هەندێک کاتدا چالاک دەبێت بۆ20 کم/ک، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین بۆ نێوان7 بۆ 9 کیلۆمەتر.

بەپێی پێشبینییەکان، سبەینێ بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە دەگاتە 30 پلە، لە سلێمانی 28 پلە و لە گەرمیان کە گەرمترین ناوچەیە دەگاتە 33 پلەی سیلیزی.