عەمید محەممەد ئەکبەر زادە، یاریدەدەری سیاسیی فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بە ئاژانسی فارسی ڕاگەیاندووە، کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی هەوڵی داوە لە گەرووی هورمز بپەڕێتەوە، بەڵام دوای ئاراستەکردنی هۆشداریی توند لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە، کەشتییەکە ناچار بووە پاشەکشە بکات و لە ناوچەکە دوور بکەوێتەوە.
ئەکبەر زادە ئاماژەی بە گۆڕانکاریی گەورە لە ستراتیژیی دەریایی ئێران کرد و ڕایگەیاند: مەودای ئۆپەراسیۆنەکان بۆ کەناراوەکانی جاسک و دوورگەی سیری فراوان کراوە. گەرووی هورمز لە ناوچەیەکی سنووردارەوە گۆڕاوە بۆ "ناوچەیەکی سەربازیی بەرفراوان" لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا.
گەرووی هورمز شادەماری وزەی جیهانە و نزیکەی 20%ی نەوتی بەکارهێنراوی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەر جۆرە گرژییەک لەم ناوچەیەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ناسەقامگیریی ئابووریی جیهان دەبێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار.