هەڤاڵ نەژاد پێی وایە ئەو تۆمەتانەی تڕەمپ تەنها هەوڵێکن بۆ دۆزینەوەی "سەبەتەیەک" بۆ کۆکردنەوەی شکستی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا.​هەڤاڵ نەژاد لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵسوکەوتەکانی تڕەمپ لەگەڵ دۆسیەی کورددا هاوشێوەی پەندی کوردی **"گەڕی بارەترێ"**یە.

ئەو وتی" تڕەمپ دەزانێت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەرامبەر بە ئێران تووشی بنبەست بووە، بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم تۆمەتانەوە هۆکارێک بۆ سەرنەکەوتنی خۆی بدۆزێتەوەو بڵێ ئەگەر من سەرکەوتوو نەبووم، هۆکارەکەی خیانەت یان دزیی لایەنێکی تر بووە.

هەڤاڵ نەژاد بە پێکەنیناوییەوە وتیشی:​ قەبارەی وڵاتی ئێران کە وڵاتێکی 90 ملیۆنییەو بە بڕێکی کەم لە چەکی سووک ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگی هێزدا دروست بکات.

ئەوە لە کاتێکدا ئەمریکا بە فڕۆکەو مووشەک و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا نەیتوانیبێت دەسەڵاتی ئێران بڕووخێنێت،

ئیتر چۆن دەکرێت بە چەند پارچە چەکێکی سووک ئەوە بێتە دی؟​

پاشان وتی: تڕەمپ لە بارودۆخێکی "نە شەڕو نە ئاشتی"دایە و نازانێت چۆن کۆتایی بەم کێشەیە بهێنێت، بۆیە کورد دەکاتە بیانوو.​

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا هەڤاڵ نەژاد بە توندی وەڵامی ئەو سوکایەتییانەی دایەوە کە تڕەمپ ئاڕاستەی کوردی کردووەو وتی:​ کورد نە کرێگرتەیە و نە دزە؛ هەموو ئەو سیفەتانە لە خودی تڕەمپدا هەن. ئەو لە پەنجەرەی کەسایەتیی خۆیەوە سەیری کورد دەکات و دەیەوێت کێماسییەکانی خۆی بەسەر میللەتێکی تردا ساغ بکاتەوە."​

ئەم چاوپێکەوتنەی هەڤاڵ نەژاد لە کاتێکدایە کە شەقامی کوردی بە توندی نیگەرانە لە لێدوانە ناڕەواکانی سەرۆکی ئەمریکا و بێدەنگیی بەرپرسانی کوردو ناوەندە فەرمییەکانی هەرێم.