کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "کاتێک لایەنێک کە خۆی دەستی راستەوخۆی لە جەنگ، گەمارۆ، سزادان و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزدا هەیە، وەڵامەکەی ئێران تەنیا لەبەر ئەوەی نامەی خۆبەدەستەوەدان نییە رەتدەکاتەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە کێشەی سەرەکی ئەوان ئاشتی نییە، بەڵکو سەپاندنی ویستی سیاسییە لە رێگەی هەڕەشە و گوشارەوە."
کازم غەریبئابادی گوتی:"داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر نین، بەڵکو بنەمای هەر رێککەوتنێکی جیدین."
غەریبئابادی ئاماژەی بەوە داواکاریانە کرد کە لە وەڵامی ئێراندا هەبووە بۆ ئەمریکا کە بریتین لە راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و دووبارەنەبوونەوەی، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، هەڵگرتنی گەمارۆکان و سزاکان، رێزگرتن لە مافەکانی ئێران.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لەو لایەنانە دەگرێ کە بە گوتەی ئەو، بە زمانی دیپلۆماسی سیاسەتی زۆرەملێ پەیڕەو دەکەن و گوتی: "ناکرێ لە لایەکەوە باسی ئاگربەست بکرێ و لە لایەکی دیکەوە گەمارۆ بەردەوام بێت؛ ناتوانرێ باسی دیپلۆماسی بکرێ و سزاکان تووندتر بکرێن؛ ناکرێ باس لە سەقامگیریی ناوچەیی بکرێ، کەچی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی ئەو رژێمە بکرێ کە سەرچاوەی دەستدرێژی و ناسەقامگیرییە."
غەریبئابادی گوتیشی:" ئەم جۆرە رەفتارانە ناوی دانوستاندنی لێ نانرێ، بەڵکو بەردەوامیدانە بە سیاسەتی ناچارکردن بە وشەی دیپلۆماسی."