ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی بڵاویکردەوە کە “هەوڵە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێگەیشتنی بەرچاو لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە سەبارەت بە دابەشکردنی وەزارەتەکان، کە بەپێی خەمڵاندنە پەرلەمانییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 80٪، تەنیا هەندێک ناکۆکی سنووردار لەسەر وەزارەتە سیادییەکان و ناوی چەند کاندیدێک ماوەتەوە”.

ڕاشیگەیاند، “پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە ئەنجومەنی نوێنەران سبەینێ پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ دەنگدان لەسەر بەرنامەی حکومەت و کابینەی وەزاری ئەنجام بدات، دوای ئەوەی زۆربەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و کاندیدەکان یەکلاکراونەتەوە. لە بەرامبەردا، هەندێک لایەنی پەرلەمانی پێشبینی دەکەن ئەگەر گرێکوێرە سیاسییەکان بەردەوام بن، کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دوابخرێت”.

لای خۆشیەوە ڕەجا فازڵ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی پێنجشەممە وادەیەکی نزیکە بۆ یەکلاکردنەوەی کابینەکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر وەزارەتە سیادییەکانن و دەنگدان لەسەر بەرنامەی حکومەت پێش دەنگدان لەسەر وەزیرەکان دەبێت. ئاشکرای کرد کە نوێنەرانی بەسرە (25 پەرلەمانتار) داوای پۆستی وەزارەتی نەوت یان گواستنەوە دەکەن.

هاوکات پەرلەمانتار زەینەب جەیاشی ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی پێنجشەممە بەرەو کۆتایی دەچن و ناوی کاندیدەکان بە ڕێژەیەکی زۆر تەواو بووە و سازانێکی فراوان بۆ تێپەڕاندنی حکومەت هەیە.

لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتار فاروق محەمەد پێشبینی دواخستنی کۆبوونەوەکەی بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کرد، چونکە تا ئێستا ئاگادارکردنەوەی فەرمی بۆ وادەی کۆبوونەوەکە نەگەیشتووە و هێشتا هەندێک ناکۆکی لەسەر پۆستەکان ماون.

لای خۆشیەوە پەرلەمانتار عەقیل خالیدی ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامیی ناکۆکییەکان لەسەر هەندێک پۆست بووەتە هۆی دواکەوتنی دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەکە، چونکە چاوەڕێی تێگەیشتنی کۆتایی نێوان لایەنەکان دەکرێت.