بیلال خەیات لەم چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم دەنگۆیانە نەک ڕاستی نین، بەڵکو بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ ڕزگاربوون لە بنبەستە سیاسییەکانی بەرامبەر تاران.

​ئەو شیکەرەوە سیاسیە لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی ناردنی چەک، پرسێکی "ناواقیعی"یە و وتی:

​"ئەم بابەتە زیاتر وەک مانۆڕێکی سیاسی و میدیایی دەردەکەوێت کە ئامانج لێی دروستکردنی گوشار و تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانە، چونکە لە ڕووی لۆجستی و سیاسییەوە هیچ بەڵگەیەکی مەیدانی نییە بیسەلمێنێت کە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بە فەرمی ئەنجام درابێت."

​بە بڕوای ئەم شیکەرەوەیە، ورووژاندنی ئەم بابەتە لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.

بیلال ​خەیات لە بەشێکی لە شیکردنەوەکەیدا تیشکی خستە سەر دوو سیناریۆ و هۆشداری دا:

​ئەگەر بانگەشەکان ڕاست بن: پێویستە حکومەتی هەرێم بەوپەڕی ڕاشکاوی وەڵام بداتەوە، چونکە ئەمە یاری کردنە بە چارەنووسی قەوارەی هەرێم.

​ئەگەر تۆمەت بێت: ئەوا مەترسییەکە گەورەترە؛ چونکە نیشانەی پیلانێکی سیاسییە بۆ ئەوەی هەرێم وەک بەشێک لە ململانێیەکی سەربازی نیشان بدرێت کە پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناوچەکەوە نییە.

​سەبارەت بە پاڵنەرەکانی واشنتۆن، بیلال خەیات دەڵێت ئەمریکا لەبەردەم بنبەستێکی گەورەدایە. ئەو ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن نە لە ڕێگەی جەنگ و نە لە ڕێگەی دانوستانەوە نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەرامبەر بە ئێران بپێکێت.

ئەو وتی:

​"ئێستا ئەمریکا لە گۆشەگیرییەکی سیاسی دایە؛ جگە لە ئیسرائیل، وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو ئامادە نین بچنە ناو هاوپەیمانییەکی سەربازیی دژ بە ئێران. بۆیە واشنتۆن دەیەوێت هێزی نوێ (وەک کورد) بگلێنێتە ناو ئەم شەڕەوە تا بارگرانیی شکستەکانی کەم بکاتەوە."

​بیلال خەیات ئاماژەی بە ئەزموونی تاڵی کوردانی سوریا کرد وەک وانەیەک بۆ هەرێم کە چۆن ئەمریکا لەپێناو هاوکێشە کاتییەکاندا پشتی لە کورد کرد.

لە کۆتایی گفتوگۆکەدا بیلال جەختی کردەوە:

​"پاراستنی بێلایەنیی هەرێمی کوردستان و نەکەوتنە ناو داوی ئەم تۆمەتانە، گەورەترین سەرکەوتنی سیاسییە. نابێت ڕێگە بدرێت هەرێم ببێتە سووتەمەنی جەنگێکی دەرەکی کە تەنها بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکانە.