بیلال خەیات لەم چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم دەنگۆیانە نەک ڕاستی نین، بەڵکو بەشێکن لە پلانێکی فراوانتری ئەمریکا بۆ ڕزگاربوون لە بنبەستە سیاسییەکانی بەرامبەر تاران.
ئەو شیکەرەوە سیاسیە لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی ناردنی چەک، پرسێکی "ناواقیعی"یە و وتی:
"ئەم بابەتە زیاتر وەک مانۆڕێکی سیاسی و میدیایی دەردەکەوێت کە ئامانج لێی دروستکردنی گوشار و تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانە، چونکە لە ڕووی لۆجستی و سیاسییەوە هیچ بەڵگەیەکی مەیدانی نییە بیسەلمێنێت کە پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بە فەرمی ئەنجام درابێت."
بە بڕوای ئەم شیکەرەوەیە، ورووژاندنی ئەم بابەتە لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
بیلال خەیات لە بەشێکی لە شیکردنەوەکەیدا تیشکی خستە سەر دوو سیناریۆ و هۆشداری دا:
ئەگەر بانگەشەکان ڕاست بن: پێویستە حکومەتی هەرێم بەوپەڕی ڕاشکاوی وەڵام بداتەوە، چونکە ئەمە یاری کردنە بە چارەنووسی قەوارەی هەرێم.
ئەگەر تۆمەت بێت: ئەوا مەترسییەکە گەورەترە؛ چونکە نیشانەی پیلانێکی سیاسییە بۆ ئەوەی هەرێم وەک بەشێک لە ململانێیەکی سەربازی نیشان بدرێت کە پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناوچەکەوە نییە.
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی واشنتۆن، بیلال خەیات دەڵێت ئەمریکا لەبەردەم بنبەستێکی گەورەدایە. ئەو ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن نە لە ڕێگەی جەنگ و نە لە ڕێگەی دانوستانەوە نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەرامبەر بە ئێران بپێکێت.
ئەو وتی:
"ئێستا ئەمریکا لە گۆشەگیرییەکی سیاسی دایە؛ جگە لە ئیسرائیل، وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو ئامادە نین بچنە ناو هاوپەیمانییەکی سەربازیی دژ بە ئێران. بۆیە واشنتۆن دەیەوێت هێزی نوێ (وەک کورد) بگلێنێتە ناو ئەم شەڕەوە تا بارگرانیی شکستەکانی کەم بکاتەوە."
بیلال خەیات ئاماژەی بە ئەزموونی تاڵی کوردانی سوریا کرد وەک وانەیەک بۆ هەرێم کە چۆن ئەمریکا لەپێناو هاوکێشە کاتییەکاندا پشتی لە کورد کرد.
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا بیلال جەختی کردەوە:
"پاراستنی بێلایەنیی هەرێمی کوردستان و نەکەوتنە ناو داوی ئەم تۆمەتانە، گەورەترین سەرکەوتنی سیاسییە. نابێت ڕێگە بدرێت هەرێم ببێتە سووتەمەنی جەنگێکی دەرەکی کە تەنها بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکانە.