عادل عەبدولقادر لە سەرەتای شیکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی تڕەمپ تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ وردەکاریی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران نەبووە. ئەو وتی:
"تڕەمپ وا دەردەکەوێت کە نیگەران بێت لەوەی کورد چەکەکانی وەرگرتبێت و پڕۆژەی ئەمریکای بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانی پەکخستبێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کورد کەوتووەتە بەر بەرداشی ململانێی واشنتۆن و تاران و نایەوێت ببێتە سووتەمەنی ئەو شەڕە."
بە بڕوای ئەم شیکەرەوەیە، کورد لە هەرێمی کوردستان نەیویستووە دڵی ئەمریکا بئێشێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانی و مانەوەی قەوارەکەی خستووەتە پێش هەموو پڕۆژەیەکی بیانی.
عادل عەبدولقادر دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم هەڵوێستەی کورد دەستنیشان دەکات:
یەکەم: ترس لە تۆڵەی ئێران کە کورد دەزانێت کە ئێران دراوسێیەکی هەمیشەییە و هەر تێکدانێکی ئاسایشی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی هەرێمەوە، وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت.
دووەم: کۆنتڕۆڵنەکردنی گروپەکان، چونکە کورد نەیویستووە چەکی پێشکەوتوو بکەوێتە دەست گروپگەلێک کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا نین و ڕەنگە ناوچەکە بەرەو پشێوییەکی گەورە بەرن.
ئەو شیکەرەوە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەم هەنگاوەی کورد نیشانەی "پێگەیشتنی عەقڵی سیاسی"یەو وتی:
"کورد نایەوێت خۆکوژیی سیاسی بکات بۆ پڕۆژەیەک کە دەزانێت ئەمریکا ئەمڕۆ لێرەیە و سبەی دەڕوات. ڕەنگە چەکەکانیان وەرگرتبێت، بەڵام نەیانناردووە؛ ئەوەش نەک بۆ دزی، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە هەرەسھێنانی قەوارەی هەرێم."
عادل ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەری هەیە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران ئاگاداری وردەکارییەکان بووبێتن و لە ڕێگەی فشاری ڕاستەوخۆوە کوردیان ناچار کردبێت ئەو چەکانە کۆنتڕۆڵ بکەن و نەهێڵن بگەنە ناوخۆی ئێران.
لە کۆتاییدا، عادل عەبدولقادر پێی وایە تڕەمپ بەم لێدوانانە دەیەوێت کورد وەک لایەنێکی "فێڵباز" نیشان بدات کە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی شەڕ دەکات، بەڵام لە ڕاستیدا کورد تەنها پارێزگاری لە مانەوەی خۆی کردووە لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ئاڵۆزی و گۆڕانکاریی خێرا.