ئیسماعیل بەقایی، ئاماژەی بەوە کرد کە بانگەشەکانی ئەمریکا لەبارەی ناردنی چەک بۆ ناو ئێران لە ڕێگەی کوردەوە، تەنها "فێڵ و پیلانێکی ناڕەوایە" بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئێران گوێ بە لێدوانی بێگانەکان لەبارەی هاووڵاتییانی خۆی نادات و وتی: "ئێمە دەزانین کە ئێرانییەکان، چ کورد، فارس، تورک یان بەلووچ، چۆن نیشتمانەکەیان خۆش دەوێت." ئەو پێیوابوو کە ئەم جۆرە لێدوانانەی ئەمریکا دەیسەلمێنێت کە واشنتۆن هیچ ناسینێکی بۆ ڕاستی کۆمەڵگەی ئێران نییە.

بەقایی ستایشی خەڵکی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی کە ناویان بردووە بە "خۆڕاگری و تێگەیشتنی بەرزی سیاسی" و ڕایگەیاند کە گەلی کورد توانیویانە پیلانی دوژمنان پەکبخەن و نیشانی بدەن کە نایەنە ناو ئەو یارییە سیاسییانەوە. وتیشی'' قسەکانی ئەمریکا زیاتر ئێمە سەربەرز دەکات بە وردبینیی گەلی کورد، کە توانییان دوژمن بخەڵەتێنن و بێهیوایان بکەن."

ئەم هێرشە توندەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەندین لێدوانی جیاوازدا دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە لە ڕێگەی کوردەوە چەک بنێرێتە ناو ئێران، بەڵام چەکەکان نەگەیشتوونەتە دەستی خۆپێشاندەران. تاران ئەم بانگەشانە وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی یەکڕیزی ناوخۆیی و تاقیکردنەوەی دڵسۆزیی پێکهاتەکان لێکدەداتەوە.