عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گفتوگۆی بۆ میدیاکان، ئاماژەی بە تویتی چەند رۆژ لەمەوپێشی ترەمپ کرد، کە پێشنیازەکانی ئێرانی ڕەتکردەوەتەوە، ڕایگەیاند، دواتر پەیامێکی دیکەیان پێگەیشتووە کە تێیدا ئەمریکییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان دەربڕیوە.
٠ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نایانگەیەنێتە ئامانجەکانیان.
سەبارەت بە گەرووی هورمز، داخستنی گەرووەکەی ڕەتکردەوە و ڕوونی کردەوە کە هورمز بۆ وڵاتانی دۆست کراوەیە و داخستنەکە تەنیا دوژمنەکانیان دەگرێتەوە، هەروەها تاکە چارەسەریش بۆ دابینکردنی ئاسایشی تەواوی کەشتییەکان کۆتاییهاتنی شەڕی ناوچەکەیە
سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بابەتی یۆرانیۆمی پیتێنراو زۆر ئاڵۆزە و گەیشتووەتە چەقبەستوویی، بۆیە بڕیاریان داوە چارەسەرکردنی بۆ قۆناغەکانی داهاتووی دانوستانەکان دوابخەن.
هاوکات باسی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین و سێرگی لاڤرۆڤ کرد و پێشوازی لە پێشنیازی ڕووسیا و هاوبەشییە ستراتیژییەکەیان کرد سەبارەت بە گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ ئەو وڵاتە.
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد، نێوەندگیریی پاکستان شکستی نەهێناوە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە، و جەختیشی کردەوە کە ئێران پێشوازی لە هەر هەوڵێکی چین، هیندستان و ڕووسیا دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.