خامنەیی وێڕای جەختکردنەوە لەسەرکەوتنی سەربازیی، هۆشداری لە «داگیرکاریی کولتوریی و زمانیی» ئەمریکا دا و داوایکرد جەنگی گوتاریی و فەرهەنگی دژی شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی، بۆ پاراستنی نەوەی نوێی وڵاتەکە، توندتر بکرێت.
ئەیەتوڵا سەید موجتەبا خامنەیی بۆ یەکەمجار دەستەواژەی «بەرگریی پیرۆزی سێیەم»ی بەکارهێنا و وتی:
«گەلی ئێران لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمریکاو ئیسرائیلدا، قۆناغی بەرگریی پیرۆزی سێیەمی بە سەرکەوتویی بڕیوە و ئێستا کاتی ئەوەیە بەرگریی فەرهەنگی دژی واشنتۆن دەستپێبکات».
بەپێی لێکدانەوەی چاودێران، یەکەم «بەرگریی پیرۆز» ئاماژەیە بۆ جەنگی ئێران و عێراق (1980 ـ 1988)، دووەمیش بۆ شەڕی دژی داعش و گروپە تەکفیرییەکان لە سوریا و عێراق، و سێیەمیش ئەو ڕوبەڕوبوونەوەیەیە کە لە ماوەی دوایی نێوان ئێران و ئەمریکاو ئیسرائیل ڕوویداوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵدەدات ئەم جەنگەی ئێستا وەک بەردەوامیی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق پیشانبدات و پەیامێک بۆ ناوخۆی ئێران بنێرێت کە پێویستە هەمان خۆڕاگریی و گیانبازیی ئەو سەردەمە دووبارە بکرێتەوە.
ڕێبەری باڵای ئێران لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا وتی:
«سەرکەوتن بەسەر شەیتانەکانی جیهاندا، ئێرانی ئامادەتر کردووە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و ناسنامەی شارستانییەکەی».
خامنەیی هەروەها داوای لە چالاکوانانی فەرهەنگی کردووە سەرنجی زیاتر بخەنە سەر منداڵان و گەنجان، بۆ ئەوەی بە «خۆڕاگریی زیاتر» بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی هەنگاو بنێن.
پەیامەکەی خامنەیی لە 15ی ئایار، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی «ئەبولقاسم فیردەوسی»، شاعیری گەورەی فارسی و نووسەری «شانامە» بڵاوکرایەوە؛ ئەوەی بەگوێرەی چاودێران هەوڵێکە بۆ گرێدانی نەتەوەگەرایی ئێرانی بە ئایدیۆلۆژیای شۆڕش.
شرۆڤەکاران پێیان وایە خامنەیی دەیەوێت پاڵەوانەکانی ناو «شانامە» وەک ڕۆستەم، بە نموونەی خۆڕاگریی سەربازان و خەڵکی ئێران لەم قۆناغەدا بناسێنێت و هاوکات جەخت لەوە بکاتەوە کە «جەنگی زمان و کولتور» لە جەنگی سەربازیی کەمتر نییە