لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیی سیستەمی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە لە ئەمساڵەوە دەسەڵاتی کارگێڕی و داراییی زیاتر بدرێتە قوتابخانەکان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی لامەرکەزی بەڕێوەببرێن و تەنیا جێبەجێکاری بڕیارەکانی وەزارەت نەبن. بەپێی ئەم سیستەمە، قوتابخانەکان دەتوانن لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیان پلانی کارگێڕی و بڕیاردانی خۆیان هەبێت، کە ئەمە خێرایی و کاریگەریی بەڕێوەبردنی خوێندن زیاد دەکات. هەروەها بڕیارە لە هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندی سەرەکیی بڕیاردان لە ئاستی قوتابخانە. چۆنیەتی کارکردن و دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجوومەنانەش بەپێی ڕێنمایی و ڕێبەری نوێی وەزارەتی پەروەردە دیاری و جێبەجێ دەکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەڕێوەبردن و باشترکردنی کوالێتیی پەروەردە.