بڕیارە لە دوو تا سێ ڕۆژی داهاتوودا، وەزارەتی کارەبا ڕێنمایی و ڕێکارە فەرمییەکانی لێخۆشبوون لە قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی بڵاوبکاتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم پرۆسەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست پێدەکات و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام دەبێت. داشکانەکە بۆ ماڵان و هاوبەشە کشتوکاڵییەکان 50% و بۆ هاوبەشە بازرگانی و پیشەسازییەکان 25% دەبێت.لێخۆشبوونەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت؛ واتە ئەگەر کەسێک ملیۆنێک دینار قەرزدار بێت، تەنها 500 هەزار دینار دەداتەوە. مەرجی سەرەکی ئەوەیە پارەکە بە یەک گوژمە بدرێت و بە قیست وەرناگیرێت. هاووڵاتیان دەتوانن پارەکە بە شێوەی دیجیتاڵ یان بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی کارەبا و بدەن.ئەم لێخۆشبوونە تەنها قەرزی کۆنی کارەبا، واتە پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە و قەرزی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە. هاووڵاتیان دەتوانن بڕی قەرزەکەیان لە پسوولەی دوایین مانگ ببینن یان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 1992 بکەن.لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم هەلە یەکجارەکییە و دڵنیایی نییە ماوەکەی درێژ بکرێتەوە. هەروەها ئاماژە دەکرێت کە پارەی کۆکراوە بۆ بەردەوامکردنی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بەکاردێت، چونکە بەبێ دابینبوونی داهات، بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکە مەحال دەبێت.