لە بەیاننامەیەکی فەرمیی «سێنتکۆم»دا هاتووە، هێرشەکان لە شەوی ٢٨ـی تەمموزدا ئەنجامدراون و بە شێوەیەکی ورد پێگە لۆجستیکییەکان و کۆگاکانی چەکی ئەو گروپانەیان کردووەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکان وەک وەڵامێک بوون بەرامبەر بە زیاتر لە ٣٠ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەیان لە شانشینی سعودیە کردبووە ئامانج.
سێنتکۆم ڕوونیشیکردەوە، ئەو هێرشانەی لەم دواییانەدا کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن سیستەمەکانی بەرگرییەوە پووچەڵکراونەتەوە و "ئامانجەکانیان نەپێکاوە". هەروەها خستیەڕوو کە لە نێوان مانگەکانی شوبات تا نیسانی ٢٠٢٦، زیاتر لە ٦٠٠ هەوڵی هێرشکردنە سەر هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی ئەمریکا تۆمارکراون، کە واشنتۆن بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی "ئەو چەدارانەی چالاکن" لە عێراق.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هۆشداریشی دەدا کە پێویستە ئەم هێرشانە ڕابگیرێن، بەپێچەوانەوە بەردەوامبوونیان ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ "وەڵامێکی سەربازیی زۆر توندتر لەلایەن ئەمریکاوە".
لە لایەکی ترەوە، لیوا تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی شانشینەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سێنتکۆم، "هێرشی جۆراوجۆر و دیاریکراویان" کردووەتە سەر ئامانجی ئەو میلیشیایانەی لەسەر خاکی عێراقن کە دەستیان لە بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ناو سعودیەدا هەبووە.
ئەلمالیکی جەختیشی کردەوە کە شانشینی سعودیە "هەوڵی پەرەسەندنی ململانێ و ئاڵۆزییەکان نادات، بەڵام مافی خۆیەتی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەری و ژێرخانی وڵاتەکەی بداتەوە."
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ ڕاگەیەندراو یان لێدوانێکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق یان کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بەم هێرشە هاوبەشە بڵاونەکراوەتەوە.