ئەم پلانە بە بەشداریی (۷۵۰) کارمەندی ژن و (۱۵۰۰) کچی خۆبەخش لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەندازیار کازم ئەلموسەوی، بەرپرسی بەشی زەینەبییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی مەزارگەکە ڕایگەیاند: بەپێی ڕێنماییەکانی شێخ عەبدولمەهدی ئەلکەربەلایی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای ئایینی و بە بەدواداچوونی مامۆستا حەسەن ڕەشید ئەلعەبایچی، ئەمیندار و بەرپرسی گشتی، ئامادەکارییەکان تەواو کراون و دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە کراوە. ئامانج لەم هەنگاوە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە زائیرانی ئافرەت کە لە سەرانسەری عێراق و جیهانەوە ڕوو لە کەربەلا دەکەن."
موسەوی ڕوونیشی کردەوە، بەشەکەیان توێژینەوەیەکی گشتگیری بۆ دارشتنی پلانەکە ئامادە کردووە کە ڕەچاوی سەرجەم ئاڵنگارییەکان دەکات، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما. لەم ڕاستایەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی پڕۆژە ئەندازیارییەکان، سیستەمی ساردکەرەوەکان لەناو حەرەمی پیرۆز و دەوروبەریدا گەشەیان پێدراوە بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ زیارەتکاران دابین بکرێت.
پەیوەست بە لایەنی تەندروستی، بەرپرسی بەشی زەینەبییەکان ئاماژەی بەوە دا کە (۸) تیمی پزیشکی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی پسپۆڕیی نەشتەرگەریی "سەفیری ئیمام حسێن" لەناو حەرەم و ژێرزەمینەکاندا کراونەتەوە. لەم تیمانەدا پزیشکی پسپۆڕ و کارمەندی فریاگوزاریی گەڕۆک ئامادەییان هەیە، سەرباری بڵاوبوونەوەی تیمی فریاگوزاری سەرەتایی لە خاڵەکانی پشکنیندا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی دڵسۆزانی وارس (کَشّافَة المَفْقودین).
تەواوی ژێرزەمینەکان (سرداب) بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئافرەت بەپێی توانای لەخۆگرتنی پێشبینیکراو ئامادە کراون.
هەروەها چەندین تیمی خزمەتگوزاری لە تەپۆڵکەی زەینەبی (التل الزينبي) جێگیر کراون بۆ دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە، ستافکردنی بنکەی ونبووان، و پێشکەشکردنی ڕێنمایی و خزمەتگوزاریی ڕێکخستن.
جێی وتنە مەزارگەی پیرۆزی حسێنی بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانی گشتگیری خۆی بۆ زیارەتی ئەر بەعین، ئەوەش بە خستنەگەڕی تەواوی بەشە خزمەتگوزاری، پزیشکی، ئەندازیاری، ڕێکخستن و ڕاگەیاندنەکانی، تا بتوانێت لە رێگە سەرەکییەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە کەشوهەوایەکی ئارام و ڕێکخراو بۆ ملیۆنان زیارەتکاری ناوخۆ و دەرەوەی عێراق فەراهەم بهێنێت.