جام کوردی: کاک شێخ عیماد، وەک سەرۆکی کاروانی زیارەتکاران لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتوون بۆ کەربەلا. ئایا دەتوانن پێمان بڵێن ژمارەتان چەند کەسە؟ کەی بەڕێکەوتن، زەحمەتی ڕێگا چۆن بوو و کەی گەیشتنە کەربەلا؟
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی:
عەلەیکوم السلام وە ڕەحمەتولڵاهی وە بەرەکاتوهـ. ژمارەی بەشداربووان لە زیارەتی ئەربەعین لە سلێمانییەوە (لە هەرێمی کوردستانەوە) بۆ نەجەف و کەربەلا ٢٣٠ کەس بوون، لە قالبێ چوار کاروانی گەورەدا (تێکڕا ٥٨ تا ٦٠ کەس لە هەر کاروانێکدا).
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە گەیشتینە نەجەفی ئەشرەف و تەواوی ڕۆژی سێشەممە لەوێ ماینەوە. دواتر بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتین و ڕۆژی چوارشەممە گەیشتینە کەربەلا. مانەوەی وەفدەکەمان لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بوو، بەپێی بەرنامەش بەیانی ڕۆژی هەینی بەرەو سلێمانی دەگەڕێینەوە. سوپاس بۆ خوا سەفەرەکە زۆر باش بوو، موکیبەکان لە خزمەتی زیارەتکاراندا بوون، بەتایبەت لە نەجەف. ئێستاش جێگیربوونمان لە "شاری زیارەتکاران - شاری ئیمام حەسەن (س.خ)"ە.
جام کوردی: بارودۆخی شاری کەربەلا چۆنە؟ تا چەند خزمەتگوزارییەکانی وەک خۆراک، خواردمەنی، ئاو و هاتووچۆ بۆ زیارەتکاران دابین کراوە؟
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی: ڕێگاکە زۆر باش بوو سوپاس بۆ خوا. سەبارەت بە جووڵەی هاتوچۆ و ئۆتۆمبێلەکان ئاسانکاریی زۆر باش هەبوو. خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری لە هەموو کاتێکدا بەبەردەوامی بەردەستن؛ لە خۆراک و خواردمەنیش و گەلێک شتی تر بۆ خزمەتکردنی زیارەتکارانی سەرتاسەری جیهان، چ لە کۆماری ئیسلامییەوە بێت یان وڵاتانی تر، بەتایبەتیش زیارەتکارانی هەرێمی کوردستان لە برا کوردە بەشداربووەکان لە کەربەلا.
جام کوردی: تا چەند ئەربەعینی ئیمام حوسێن بووەتە بۆنەیەکی جیهانیی ئیسلامی کە لە هەموو نەتەوە و وڵاتانی جیهانەوە موسڵمانان تێیدا بەشدار دەبن؟
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی: ڕێبازی ئیمام حوسێن (س.خ) بەتایبەت زیارەتی ئەربەعین، دیارە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، تەواوی جیهان ڕوویان لە کەربەلا کرد و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەشدارییان تێدا کرد، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی. لە کاتێکدا لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەم زیارەتەی ئیمام حوسێن کپکرابوو و قەدەغە ببوو.
جام کوردی: تا چەند موسڵمانان لە سەردان و بەشداریکردنیان لە بۆنە ئاینییەکاندا، بەتایبەتی لە چلەی ئیمام حوسێندا، هەست بە ئارامی و ئاسودەیی دەروونی دەکەن؟
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی: زیارەتی ئەربەعین و ئیمام حوسێن (س.خ) موڵکی هەموو موسڵمانانە، هەمووان هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی دەکەن لە کاتی زیارەتکردنی ئەبا عەبدولڵای حوسێن. چونکە ئیمڕۆ عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و تایفەکانیانەوە خزمەتی زیارەتکاران دەکەن. بۆیە کاتێک دەبینیت کورد، سوننە، شیعه، تورکمان، ئێزدی و مەسیحی خزمەتی زیارەتکاران دەکەن، ئاسودەییەکی دەروونی گەورەت پێدەبەخشێت. موکیبی زۆر لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق و وڵاتانی جیهان هەن کە لە خزمەت زیارەتکاران دان.
جام کوردی: وەک سەرۆکی کاروانی زیارەتکارانی سلێمانی، بۆ ساڵانی داهاتوو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سلێمانی و کەربەلا چ هەنگاوێک بنێن باشە بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی زیارەتکاران؟
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی: ئێمە لە هەرێمی کوردستان دوو دەروازەمان هەس؛ دەروازەی یەکەم مەرز باشماخە و دەروازەی دووەم حاجی ئۆمەرانە. مەرزی باشماخ لە سەر ڕێگای سلێمانییە و حاجی ئۆمەرانیش لە سەر ڕێگای هەولێرە. ئاسانکارییە حکومییەکان انشاڵڵا زۆر باشبوون، و هیوادارین بۆ خزمەتی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن (س.خ) هێشتا زیاتریش ببن، چ بۆ زیارەتکارانی ناو هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی هەرێم.
شێخ عیماد ئەلئەزیرجاوی، هاووڵاتییەکی موسڵمانی شیعهیە و ماوەی ٦ ساڵە نیشتەجێی شاری سلێمانییە. لە کۆتاییدا سوپاسی ئاژانسی جام کوردی کرد بۆ دەرفەت و ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیە.