سەرەتا سەبارەت بە هەست و هۆکاری بەشداریی کەسایەتییەکی سوننەی کورد لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمامی حسێندا، سەید هاشم وتی:
«من کوردم و لە هەمان کاتدا سەیدم وشیعەم، بە مانای لایەنگر و خۆشەویستی ئالوبەیتی پێغەمبەرە (ص).
پاشان وتی" من ئیمامی حسێن بە نەوەی پاکی پێغەمبەر دەزانم و وەک فەرموودەی پێغەمبەر (ص) کە دەفەرموێت: 'حسێن لە منە و منیش لە حسێنم'، ڕێبازی ئیمامی حسێن بەردەوامییدان بوو بە دینی ڕاستەقینەی محەمەدی، بۆیە بە ئەرکی خۆمی دەزانم زیارەتی بکەم.»
دەربارەی شێوازی سەفەرەکە و ژمارەی زیارەتکاران، سەید هاشم ئاماژەی بەوە دا کە لە حسێنیەی شاری سلێمانییەوە بە چوار پاسی گەورە (کە هەر پاسێک نزیکەی ٦٠ کەسی تێدابوو) بەڕێکەوتوون. لەناو زیارەتکاراندا ژن، مناڵ و کەسانی بەتەمەن هەبوون. ناوبراو ڕایگەیاند" کە بە هاوکاری و ئاسانکارییەکان، بە خۆشی و بەکەرامەتەوە گەیشتوونەتە شاری نەجەفی ئەشرەف و دوای ئەنجامدانی زیارەت، بەرەو کەربەلای پیرۆز کەوتوونەتەڕێ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمە یەکەم جاریەتی سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان دەکات، ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئەمە نزیکەی شەشەمین جارێتی بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا دەکات.
پاشان سەید هاشم باس لە کەشوهەوای ڕۆحیی زیارەتەکە دەکات و دەڵێت:
«هەر موسڵمانێک پێغەمبەر (ص) و ئالوبەیتی خۆشبوێت، کاتێک دەگاتە سەر مەزاری ئیمامی حسێن – کە بەپێی فەرموودە ڕەیحانەی پێغەمبەرە – هەستێکی وای بۆ دروست دەبێت کە بە زمان وەسف ناکرێت.»
ئەو جەختی لەوەش کردەوە کە خۆشەویستی ئیمامی حسێن لە دڵی خەڵکدایە. وەک نموونەیەک ئاماژەی بە سەرنجڕاکێشترین دیمەنی ئەمساڵ کرد و وتی: «منداڵێکی بچووکی تەمەن ٦ بۆ ٧ ساڵانم بینی کە سینییەکی گەورەی ئاوی بەسەر سەریەوە هەڵگرتبوو، بە زمانی عەرەبی بانگی زیارەتکارانی دەکرد و دەیووت وەرن ئاو و خواردن ببەن و بحەسێنەوە. لە هەموو شوێنێک ئاو و خواردن و خزمەتگوزاری بەخۆڕایی بەردەستە.»
سەبارەت بە شوێنی مانەوەش، ئاماژەی بەوە کرد کە لە «مەدینەتۇل زایریین»ی ئیمامی حەسەنی مجتەبا (ع) حەواونەتەوە، کە قاعەی گەورە و فێنککراوە و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدا دابین کراوە.
دەربارەی ئەوەی کە چەند ڕۆژێک پێش ڕۆژی چلەی ئیمام دەگەڕێنەوە، سەید هاشم ڕوونی کردەوە کە ئەوان وەک ستاف و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، دەبێت بگەڕێنەوە سەر دەوامی ئاسایی خۆیان بۆ ئەوەی خزمەتی ناوچەکانی خۆیان بکان.
دەربارەی تیمی پزیشکی و تەندروستیی کۆماندۆ کە لەوێ خزمەتی زیارەتکارانیان دەکرد و بە زمانی عەرەبی قسەیان دەکرد، سەید هاشم ڕایگەیاند: «ئەو پێشمەرگە و دکتۆرانەی لەوێ بوون هەموویان کوردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەزای چەندین زمانن (کوردی، عەرەبی، تورکمانی) و زۆربەی زیارەتکارانی ئەو ناوچەیەش عەرەبن، بە زمانی عەرەبی قسەیان لەگەڵ دەکردن بۆ ئەوەی بەباشی خزمەتیان بکەن.»
لە کۆتایی گفتوگۆکەدا، سەید هاشم سەید حەسەن پەیامێکی ئاڕاستەی هەموو جیهانی ئیسلامی کرد و وتی:
«هەر کەسێک خۆی بە موسڵمان دەزانێت، دەبێت خۆشەویستی بۆ بنەماڵەی پێغەمبەر (ص) هەبێت. داواکارم ئەم زیارەتە و ڕێوڕەسمی چلەی ئیمامی حسێن (ع) ببێتە هەوێن و هۆی یەکڕیزی و برایەتی لە نێوان تەواوی موسڵمانان بە هەموو مەزهەب و نەتەوەکانەوە.»