لە سەرەتای گفتوگۆکەدا ​مامۆستا ئەرسەلان تۆفیق ئاماژەی بەوە کرد کە پاساوی ڕۆژئاوا بەرامبەر ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆڕانیۆم و چەکی ئەتۆمی، پاساوێکی "ناڕاستپەروەرانە"یە؛ چونکە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی خۆیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن، خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمین.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئەگەر بڕیار بێت ئامرازی ئەتۆمی هەبێت، دەبێت بۆ کردار و ئامانجی ئاشتییانە بێت لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، نەک بۆ هەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی.

​لە لایەکی ترەوە، پاساوی ئێران ئەوەیە کە ئامادە نییە بچێتە ژێر باری سیستەمێک کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەسەریدا بسەپێنن، چونکە ئێران خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ و شارستانیەتێکی گەورەیە و خۆی بە خاوەن کیان دەزانێت.

​ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بۆ جام کوردی ڕوونی کردەوە کە بەپێچەوانەی پێشبینیی سیاسییەکان و میدیاکان کە دەیانوت ئێران چەند هەفتەیەک بەرگە ناگرێت، سیستەمی سیاسیی ئێران بەرگەگرتنێکی گەورەی نیشانداوە. سەرەڕای ئەوەی لە ڕیزەکانی پێشەوەدا جیلی یەکەم و دووەمی سەردکردە و سیاسەتمەدارانی کراونەتە ئامانج، بەڵام پێکهاتەی دەسەڵاتەکە و دامەزراوە سەرەکییەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ئیدارەدانی ناوخۆ تووشی داڕمان نەبووە.

​لەم تەوەرەدا، مامۆستا ئەرسەلان دەستنیشانی کرد کە خەڵکی ئێران—سەرەڕای جیاوازیی ئایینی، ئایینزایی و نەتەوەیی، و بوونی نیگەرانیی لەسەر هەندێک بابەت—لە کاتی مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان، نیشتمانپەروەریی خۆیان سەلماندووە. هەروەها خۆڕاگریی گەلی ئێرانی بەرامبەر بەو سزا ئابوورییە سەختانەی ئەمریکا و ئەوروپا بەرز نرخاند، لە کاتێکدا دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکو سووتەمەنی و خۆراک بە بەراورد بە فشاری سەرجەم سێکتەرەکان لە ئاستێکی جێگیردا ماوەتەوە.

​سەبارەت بە هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا (لە دیمەشق، بەغدا، بەیروت، سەنعا و تەنانەت غەززە)، ئەرسەلان تۆفیق باسی لەوە کرد کە سەرەڕای گۆڕانی شێوازی هاوکێشەکان، پشتیوانییە دەریایی و لۆجیستییەکان نەپچڕاون؛ بۆ نموونە حوسییەکان توانای کۆنتڕۆڵکردنی دەریای سووریان هەیە و ئێران و هاوپەیمانەکانی دەتوانن ڕێڕەوی گەرووی هورمز بخەنە ژێر گوشارەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری جیهان هەیە.

​سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ناوبراو ڕایگەیاند کە هێز و بەرنامەیەک لە ئارادا نییە بتوانێت ببێتە بەدیل (ئەلتەرناتیڤ) بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێکی ٩٠ ملیۆن کەسی و بڕیاردان لە ڕەوشی سیاسی، بۆیە هەوڵەکانیان لە ناوخۆدا نەبووەتە هۆی دروستکردنی سیستەمێکی جێگرەوە.

​بەپێی وتەی ئه‌رسه‌لان تۆفیق، ئێران خاوەنی مێژوویەکی ۳ هەزار ساڵەیە و لە ئەزموونی مێژووییدا هەمیشە لە ڕێگەی تەکتیک و دانوستانەوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و نەچووەتە ژێر باری مەرجی سەپێنراو.

​بۆیە هەمیشە ئێران جەختی لەسەر ئەم پەیامانە کردەوەتەوە:

١- ​شەڕ تەنها باجەکەی بۆ دایک و باوک، منداڵە هەتیوەکان و خێزانی قوربانییەکانە، لە کاتێکدا تەنها بازرگانانی چەک و بارووت لێی سوودمەند دەبن.

​٢- هێزی عەقڵ لە هێزی ماسوولکە و چەکی ئەتۆم بەهێزترە؛ جەنگەکان هەرچەندە ڕووبدەن لە کۆتاییدا دەبێت لەسەر مێزی دانوستان کۆتاییان پێ بهێنرێت.

​٣- پێویستە دەسەڵاتداران گوێ لە داواکاری و ڕاوبۆچوونی خەڵک بگرن، سەروەت و سامانی وڵات لە خزمەتی خەڵکدا خەرج بکەن، و لە ڕێگەی "عەقدی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە" ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوخۆیی بەهێزتر بکەن؛ چونکە هیچ دەسەڵاتێک بە بێ پشتگیری خەڵک و بە زەبروزەنگ بەردەوام نابێت.