عوسمان گوڵپی لەو گفتوگۆیەدا بۆ جام کوردی ڕوونی کردەوە کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە: ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل، فراوانکردنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆیەتی لە ناوچەکەدا.
ئامانجی ئەمریکاش جێگیرکردن و بەهێزکردنی پێگە ئابوورییەکەیەتی.
بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارە، پرسی "ئازادی، مافی مرۆڤ و مافەکانی خەڵکی ئێران" لە ئامانجەکانی ئەم جەنگەدا بوونیان نییە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی تەنها لاوازکردنی ڕکابەرێکی چەندین ساڵەیە تاوەکو بە بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی وڵاتان، ئامانجەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بسەپێنن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا بۆ جام کوردی، گوڵپی وێرانکارییەکانی جەنگی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شەڕە ئابووریی ناوچەکە بە تەواوەتی تێکدەدات و گەلان بۆ چەندین ساڵ دەباتە دواوە.
وتیشی"بازاڕی جەنگ تەنها بە سوودی چەکفرۆشەکان دەشکێتەوە، نەک خەڵکی مەدەنی. ناوچەکە بەرەو کاولکاری دەچێت و کاریگەرییە خراپەکانی لە ئێرانەوە بۆ سەرجەم وڵاتانی دەوروبەر درێژ دەبێتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری چارەسەر، عوسمان گوڵپی جەختی لەوە کردەوە کە باشترین و تاقە ڕێگە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، گفتوگۆ و ئاشتییە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە ئاستەنگە سەرەکییەکان کرد و وتی:
لایەنی بەرامبەری ئێران لە ئێستادا تەنها تەسلیمبوونی ئێرانیان دەوێت، نەک دیالۆگی ڕاستەقینە.
لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی ئێران جەنگی تەسلیمنەبوون بەڕێوەدەبات.
لە کۆتاییدا ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانە درێژە بکێشن و ڕێگەی دیپلۆماسی نەگیرێتە بەر، کارەساتەکە گەورەتر دەبێت و ئاگری ئەم جەنگە بۆ چەندین ساڵی تر تەواوی ناوچەکە دەسوتێنێت.