ئەمڕۆ میدیا تەنها لە دەست حکومەت و حیزب و کۆمپانیایەکدا نییە، بەڵکوو بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە، عەشیرەت میدیای خۆی هەیە، ڕێکخراو میدیای خۆی هەیە، و تاک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە میدیای خۆی هەیە. ئەم بەربڵاوییە لە دەستگەیشتن بە میدیا، ئەگەر ڕێکنەخرێت کارەسات دروست دەکات ،بۆیە پێویستە ئەرکەکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەم قۆناغە دیاری بكرێن، بە مەرجێک ئازادیی میدیایی بەربەستی بۆ دانەنرێت؛ ئازادییەک تا ئەو جێگەیەی ئازادیی ئەوی تر پێشێل نەكات.
ئەمڕۆ هەرێم لە دۆخێکدایە ئەوسەری تونێلەکەی لێ دیار نییە. بە دڵنیاییەوە وەک کەشتییەک وایە، کە نوقم بێت سەرنشینەکانیشی نوقم دەبن. ئا لەم دۆخەدا میدیا ژاوەژاوێکی دروست کردووە کەس دەنگی کەس نابیستێت و دەرفەتی بیرکردنەوەی نەهێشتووە. تەنها هێرشی بێ بەر هەمی حیزبەکانە بۆسەر یەکدی ،ئەو هێرشانەش دەیکەنە سەر یەکتر هیچ ماناو ئارگۆمێنت و چەمکێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو بەشێکی لە قسەی سەرسەری دەچێت بە مانا باوەکەی! بۆیە کۆمەڵگە پڕ بووە لە ڕق و کینە، خەریکە ویست بۆ نەمانی هەرێم دەکرێتە ویستێکی گشتی لە زیهنی خەڵکدا. ئێستا خەڵک لە ژیانێکی ناشایستەدا دەژێت، ئا لەم کاتەدا گوێنەدان بە ڕێکخستنەوەی میدیا سەر دەکێشێت بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، چونکە زمانی میدیا لە وەزیفەی خۆی لایداوە و بووە بە سووکایەتیکردن بە یەکدی، بە بەها نیشتمانییەکان، بە تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و شڵەژانی دەروونی. ئەوەی ئێستا لە میدیاکان و لە پەیجە سێبەرەکاندا دەیبینیت و دەیبیسیت جێگای شانازی نییە، بەڵکوو شەرمهێنەرە. ئاخر ئەم میللەتە و ئەم مێژووە شایەنی ئەو هەموو سووکایەتی و بێباکییە نییە، بۆیە پێویستە سنوورێکی بۆ دابنرێت.
ڕاستییەکەشی ئەوەیە ئەم هەموو میدیا فەرمی و نافەرمی و سێبەر ە، هەریەکەیان حیزبێکی لەپشتە و هاوکاری دەکرێن، بۆ سوکایەتیکردن بەیە کدی ، تا وای لێهاتووە لە پەیجەکاندا مەفرەزە و لەشکری جوێندان و سووکایەتیکردن بە یەکدی هەیە. قسەیەکیش هەیە دەڵێت: «هەموو میدیایەک درێژکراوەی هەستی خاوەنەکەیەتی .بۆیە ئەوەی لە میدیا و تۆڕەکاندا دەگوزەرێت بە دڵنیاییەوە بێخاوەن نییە ،دەکرێت حیزب خاوەنی بێت، دەکرێت کۆمپانیایەکی حیزب خاوەنی بێت، و دەشکرێت لە دەرەوەی هەرێم خاوەندارییەتی بکرێت.
بۆ ڕێگریگرتن لەم فەوزایە، داواکارم حیزبەکان میدیاکانیان ڕێکبخەنەوە و پاکبکەنەوە با مەفرەزەکان پشویەک وەرگرن بۆ ماوەیەکیش بێت واز لە سووکایەتیکردن بە یەکدی بهێنن، بگەڕێنەوە بۆ ئەرکی میدیایی و نیشتمانیی خۆیان. دواتر داوام لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان هەیە، ئەگەر دەتوانن پێکەوە کۆببنەوە بۆ دانانی بەرنامەیەک تا قسە لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی کەناڵەکاندا بکەن، ئیتر کەناڵی حیزبی بێت، یاخود سەربەخۆی تەواو بێت یان دەمامکدار، داوایان لێبکەن هیچ نەبێت با ئەو شەڕ و سووکایەتی و فەوزایە ڕاگرن تا ئەم دۆخە تێدەپەڕێت، چونکە دۆخی سیاسی و مەزهەبی و ئابووری و جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە ، بۆیە دەبێت ئەخلاقییانە و بەرپرسانە ڕە فتار بکەن.
ئەمە بەو مانایە نا کە ڕەخنە نەگرن، بەڵکوو بەردەوام بن لە ڕەخنەی بنیادنەر، بەڵام ئەم سووکایەتییە بە یەکدی ڕاگرن؛ واخەریکە کۆمەڵگە بە تەواوی لەم زەلکاوەدا دەخنکێت، بۆیە وا باشە حیزبەکان زمانی میدیاکانیان پاک بکەنەوە، جا چی میدیای فەرمی بێت یان نافەرمی و ئە میدیانەش کە بە سیلەی ڕەحم نزیکن لێیانەوە.