​بەپێی زانیارییە درکێندراوەکان، ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول وەک دوا وادە بۆ کشانەوە و گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرجەم بنکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، و بەغداش لەسەر ئەم خشتەیە ڕازی بووە.

​پرۆسەی کۆکردنەوە و لابردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە بنکە سەربازییەکانی هەرێم لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە.

​ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون بە فەرمی لێدوان بۆ ئەلمۆنیتۆر بدەن،

بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوخۆی هەرێمەوە جەختیان لەوە کردەوەتەوە کە ​سیستەمی بەرگریی ئەمریکی لە ماوەی گرژییەکاندا ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکان و سیستەمەکە توانپویەتی بە لانی کەمەوە ١٩٥ هێرشی درۆنی و مووشەکی کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کە ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر کرابوون تێکبشکێنێت.

​سیستەمی پاتریۆت توانیویەتی بەرگری ئاسمانی بکات بە ڕووبەری ١٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە لەم ناوچەیەدا جگە لە بنکە ئەمریکییەکان، بنکەی پارتییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێرانیش سوودمەند بوون لە چەتری ئاسایشی ئەو سیستەمە.

​شیکەرەوە سیاسیەکان لابردسیستەمی پاتریۆت و کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان وەک «شمشێرێکی دووسەرە» بۆ هەرێمی کوردستان ناودەبەن،

​هەر وونی ئەو بنکە و سیستەمە سەربازییەکانی ئەمریکا خۆی لە خۆیدا ببووە بیانوویەک بۆ گرووپە چەکدارەکان تاوەکو خاکی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانجی پەلامارەکانیان. بۆیە لەوانەیە کشانەوەی ئەم هێزانە ڕەنگە ئەو بیانووە سەربازییە لەسەر هەرێم هەڵبگرێت، بەڵام بەبێ سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی تۆکمە، ژێرخان و ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی درۆنی یان مووشەکیی داهاتوودا کراوەتر و بێبەربەستتر دەبێتەوە.

​بەپێی بەدواداچوونەکانی جام کوردی، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئەمنییە لە ناوچەکەدا، کە تێیدا هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت بەبێ پشتبەستنی ڕاستەوخۆ بە چەتری سەربازیی ئەمریکا، هاوکێشەی ئەمنی و سەقامگیریی خۆیان لەگەڵ دراوسێکان و هێزە ناوچەیییەکاندا ڕێکبخەنەوە.