لەم ڕاپۆرتە هەواڵییەدا، پوختەی تێڕوانین و شیکارییە واقیعییەکان لەسەر سێ تەوەر و پرسە سەرەکییەکە دەخەینە ڕوو:
١. ئایا هێرشی سەربازی دەکرێتە سەر ئێران؟
بەرپرسانی سیاسی و چاودێرانی ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرچەندە لێدوانی ڕاگەیاندنەکان توند و بەگوڕن، بەڵام هاوکێشەکە لەسەر زەمینی واقعی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە تەسەوور دەکرێت:
نووسەران و شرۆڤەکارانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە لەمەودوا هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کردەیەکی سەربازیی ئاسایی ناهێڵێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی سەرتاسەری.
تۆڵەی مووشەکیی لە ئێران، بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانیان لە کەناراوەکانی هورموزو ئەمریکا لە ناوچەکە و لێدانی ژێرخانی ئابووریی ئێران، خەرجییەکی وەها گەورەی دەبێت کە بەشێکی زۆری کاربەدەستانی واشنتۆنی لە هاوێشتنی ئەم هەنگاوە دوودڵ کردووە.
هەر لەم بارەیەوە چاودێران ئاماژە بە لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی سیاسیی ئەوروپا و تەنانەت بەشێک لە نێوخۆی ئەمریکا دەکەن کە جەخت دەکەنەوە: "ئەمریکا ناتوانێت شەڕێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بباتەوە کە ئابووریی جیهانی و نرخی نەوت بخاتە مەترسییەکی گەورەی نەپێوراوەوە."
٢. شەڕ یان دیالۆگ؟
سەبارەت بەوەی ئایا شەڕ چارەسەرە بۆ قەیرانەکان یان دیالۆگ؟ کۆدەنگییەکی بەهێز لە نێوان چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی حزبی ناوچەکەدا هەیە کە چەکی شەڕ تەنیا قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە:
چونکە ئەزمون و مێژووی چەند دەیەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (عێراق، ئەفغانستان، لیبیا) بە روونی دەریخستووە کە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی نەک هەر دیموکراسی و ئارامیی بەدی نەهێناوە، بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی فەراغی ئەمنی و سەرهەڵدانی گرووپی توندڕەوی نوێ.
بۆیە تاقە رێگا لای نووسەران و شرۆڤەکاران ئەوەیە" دیپلۆماسی و دیالۆگی ڕاستەوخۆ، یان کارکردن لە ڕێگەی نێوەندگیرە ناوچەیییەکانەوە (وەک عێراق و عومان)، تاقە بژاردەی ئاقڵانەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوەکی و ئەمنییەکان. دیالۆگ دەرفەت دەدات بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەک بە بێ ڕشتنی خوێن و وێرانکاری دابین بێت.
هەر لە زنجیرەی گفتوگۆکانی پەیامنێری جام کوردی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، ئەم پەیامە سەرەکییانە بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی ئێستا دەستنیشان کران:
پێویستە ئێرانیەکان زیاتر یەکڕیزی، یەکێتیی نەتەوەیی و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی خۆیان بپارێزن، چونکە ئەمە گرنگترین چەکی ڕووبەڕووبوونەوەی گوشارە دەرەکییەکانە. خەڵکی ئێران خاوەن شارستانییەتێکی دەوڵەمەند و ئەزموونێکی بەهێزن لە تێپەڕاندنی قەیرانە سەختەکان بە هۆشیاریی سیاسیی خۆیان.
هەرچی وڵاتانی ناوچەکەشە پێویستە بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ نابێ ببنە بەشێک لە پڕۆژەی شەڕخوازانەی هێزە فرەنەتەوەییەکان. ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیستەمێکی گشتگیرە؛ ئاڵۆزبوونی ئاسایشی ئێران ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاسایشی کەنداوو عێراق و تەواوی ناوچەکە. بۆیە هاوکاری و دیالۆگی هەرێمایەتی تاقە زامنی پێشکەوتن و هێمنییە.