هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران قووڵتر لەوەن کە بکەونە ژێر کاریگەریی کاتی، بەڵام هاوکات جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە پرسی ئەمنی لە چوارچێوەی دراوسێیەتییەکی دروستدا چارەسەر بێت.

​یەکێک لە هاوڵاتییان لە لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی وتی" ئەگەر هەرێمی کوردستان گلەیی لە هەندێک هەڵوێستی ئێران هەبێت، هاوکات پێویستە تێبگەین کە ئێران وەک وڵاتێکی هاوسێ و بەهێزی ناوچەکە گلەیی ڕەوای لە بابەتی ئەمنیی سنوورەکان هەیە. ناکرێت ناوچەکە بێتە مەیدانی پرۆژە و ململانێی هێزە دەرەکییەکانی وەکو ئەمریکا و ئیسرائیل، یاخود ڕێگە بدرێت خاکی هەرێم یان ناوچە سنوورییەکان ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێران."

​لە درێژەی ئاخاوتنەکاندا، هاوڵاتییان نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بۆ بەکارهێنانی کارتەکانی ناوچەکە لە دژی ئاسایشی ناوچەکە. جەختیان لەوە کردەوە کە ئیسرائیل و هێزە دەرەکییەکان تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن و لە ڕۆژانی تەنگانەدا نابنە پشت و پەنای خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئەوە هاوسێ مێژووییەکانی وەک ئێرانن کە لە سەردەمە سەختەکاندا هاوکارو بەدەمەوە هاتوون.

​لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هاوڵاتییان ئاماژەیان بە ڕۆڵی میدیاکانی هەرێمی کوردستان کرد کە هەندێک جار بە شێوازێکی ناهاوسەنگ یان بە ئاراستەی دروستکردنی گرژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بابەتەکان دەگوازنەوە. ئەوان داوایان کرد کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، لەوانە پارتی و یەکێتی، وەک هەمیشە هەڵوێستی فەرمیی هاوسەنگ وەربگرن و ڕێگە نەدەن وتاری دژایەتیکردن یان دەنگی دوژمنکارانە لە سنوورەکانەوە زاڵ بێت.

​هەروەها ​هاوڵاتییان لە کۆتاییدا جەختیان لەوە کردەوە، لە کاتێکدا کێشە و گلەیییەکان لە ئارادان، بەڵام بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی بەرپرسانی هەرێم لەوەدایە کە مافی هاوسێیەتی بپارێزێت. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی بەهێز، هەمیشە دۆستێکی نێزیکی خەڵکی کوردستان بووە و ناکرێت خاکی هەرێم بێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایش و ئەمنییەتی ئێران، بەڵکو پێویستە لەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی فەرمییەوە تەواوی ناڕەزایەتی و گلەیییە ئەمنییەکان چارەسەر بکرێن.