لێخۆشبوونە گەورەکەی قەرزی کارەبا ئەمڕۆ بەفەرمی دەستی پێکرد و هاووڵاتیان دەتوانن قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکی بە داشکاندنی تایبەت بدەنەوە. بەپێی بەدواداچوونەکان، تا کاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ زیاتر لە 13 هەزار هاوبەش قەرزەکانیان داوەتەوە، هەروەها نامەی مۆبایل بۆ زۆربەی هاوبەشان نێردراوە کە تێیدا بڕی قەرز و ئەو پارەیە دیاری کراوە کە دوای داشکاندن دەبێت بیدەنەوە.

بەپێی بڕیارەکە، لێخۆشبوونەکە تا 10ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و بۆ ماڵان و هاوبەشانی کشتوکاڵ داشکاندنی 50%، بۆ پیشەسازی، بازرگانی و فەرمانگە حکومییەکانیش داشکاندنی 25% جێبەجێ دەکرێت. بەرپرسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هەنگاوە تەنها یەکجارە و هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەکە یان دووبارەکردنەوەی لێخۆشبوونەکە نییە.

هاووڵاتیان دەتوانن قەرزەکانیان بە دوو شێوە بدەنەوە؛ یان بە کاش لە هۆبەکانی فرۆشتنی وزە، یان بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی «ئی پسوولە» و سیستەمە جیاوازەکانی پارەدان. بەپێی ئامارەکان، کۆی قەرزی کۆنی کارەبا 2 تریلیۆن و 400 ملیار دینارە و لە ئەگەری تەواوکردنی پرۆسەکەدا، 880 ملیار دیناری لێخۆشبوون جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا پارەی کۆکراوە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی کارەبا و پڕۆژەکانی پەیوەندیدار خەرج دەکرێت. هەروەها بەرپرسان ئاماژەیان کردووە کە ئەم لێخۆشبوونە پارەی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە و وەسڵەکانی ڕووناکی دەبێت لە ماوەی دیاریکراودا بدرێنەوە.