عێراقچی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕوونی کردەوە: "ئەمڕۆ گەیشتمە شاری نەجەفی ئەشرەف، و لە ڕێگادام بەرەو کەربەلای پیرۆز بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی چلەدا، لە نەجەف هەستم بە ئامادەکاری و ڕێکخستنی بەرز کرد بۆ سەردانیکاران، بەجۆرێک هەمووان ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکانی ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی بەردەوامە لە ڕێکخستنی ئەم بۆنەیەدا ساڵ لە دوای ساڵ".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم ڕێوڕەسمە مانۆڕێکی گەورەیە کە ئاماژەیە بۆ یەکێتیی هەردوو گەلی عێراق و ئێران، چونکە بەشداربووانی هەردوو وڵات گەورەترین ڕێژە پێکدەهێنن، کە ئەمەش پتهویی بەستەرە ئایینی و عەقیدەیییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرجەستە دەکات، و ئەم یەکگرتوویییە پێشتریش بە ڕوونی لە کاتی ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی سەید عەلی خامنەییدا دەرکەوت، کە دووپاتی لە قووڵیی هەست و یەکێتیی ڕەگداکوتاوی نێوان هەردوو گەل کردەوە".
سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، عێراقچی گوتی: "خۆشبەختانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ئێستادا لە باشترین ئاستیدایە، بەجۆرێک سەردانی کۆتایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران دانوستانی زۆر بەرهەمداری بەخۆیەوە بینی".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "هەماهەنگیی نێوان ئێران و عێراق نزیکە و بوارە جیاوازە سیاسییەکان دەگرێتەوە لە ڕێگەی هەڵوێستی یەکگرتوو بەرامبەر پرسە هاوبەشەکان، جگە لە بوارەکانی ئابووری و ئەمنی، هەروەها هەماهەنگیی نزیک سەبارەت بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان، ڕێکخستنی جووڵەی بازرگانی لە ڕێگەیانەوە، و پێشخستنی هێڵەکانی ترانزێتی هاوبەش".