لەم رۆژانەدا چلەی ئیمام حوسەین لە ناوەڕاستی بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی ئەمنی و خزمەتگوزاریدا بەڕێوە دەچێت کە لەگەڵیدا هەماهەنگییەکی هەواڵگریی مەیدانیی بەردەوام و ٢٤ کاتژمێری هەیە بۆ پاراستنی گیانی ملیۆنان زیارەتکار.

​هاوكات لەگەڵ گەیشتنی ڕێوڕەسمەکە بە لووتکەی خۆی، ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی لە سەرەتای مانگی موحەڕەمی حەرامەوە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق، ٤ ملیۆن و ٨٨٧ هەزار و ٦٦٠ زیارەتکاری تێپەڕاندووە،

لە کاتێکدا لێشاوی هاتنی زیارەتکاران لە وڵاتانی جۆراو جۆری جیهانەوە بۆ بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا بەردەوامە.

​بارەگای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە: پۆلێنی پلانە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە زیارەتەکە بە هەماهەنگی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکان و ئۆرگانە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی زیارەتکاران لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکان و شەقامە سەرەکییەکانەوە، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.

​لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامارە نوێکراوەکان تاوەکو شەوی یەکشەممەی ڕابردوو دەریانخستووە ژمارەی زیارەتکاران گەیشتووەتە ٤,٨٨٧,٦٦٠ کەس.

هاوکات هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پاڵپشتەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی پلانە داڕێژراوەکان و بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای زیارەتە ملیۆنییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕێکارە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بۆ دەستەبەرکردنی کەشێکی ئارام و هاتووچۆیەکی نەرم بۆ زیارەتکاران.

​لە لایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بەشداریی ١٦ هەزار ئەفسەر و کارمەندی لە جێبەجێکردنی پلانی هاتووچۆی چلەدا ڕاگەیاند، و ئاشکرای کرد کە توانراوە ئاستێکی بەرزی هاتووچۆ لە ناو شاری کەربەلا بەبێ بەستنی ڕێگەکان (بڕینی شەقامەکان) بەدەست بێت.

​فەریق عودەی سمێر ئەلئەلحەسانی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ ڕایگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە ڕێوڕەسمی چلەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان سیستەمی ڕادار و کامێرای زیرەکی بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان و ئاڕاستەکردنی ئۆتۆمبێلەکان بەکار هێناوە، جگە لە بڵاوەپێکردنی مەفرەزەکان بۆ پشکنینی توندوتیژیی ئۆتۆمبێلەکان لە گەراجەکاندا تاوەکو ئەو ئۆتۆمبێلانەی مەرجی سەلامەتییان تێدا نییە جیابکرێنەوە."

​ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ یەکەمجار ڕێگە بە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و تایبەت دراوە بچنە ناوچەی "قطع الكفيل" لە ناو شاری کەربەلا، ئەمەش ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ئاسانکردنی هاتووچۆی هاووڵاتییاندا.

​هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە لایەن وەزارەتەکانی گواستنەوە و تەندروستییەوە زیادی کردووە.

شایەنی وتنە ڕێوڕەسمی چلەی ئەمساڵ بەشدارییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک دەستەی ماتەمینی (مۆکیب) لە وڵاتانی ئۆگەندا، کانەدا و شانشینی یەکگرتووەوە (بەریتانیا) بەشدارییان تێدا کرد.

​لە ناوچەی "بێن ئەلحەرەمەین"یش، گەورەترین پۆستەری دەستەی حەشدی شەعبی بە ڕووبەری ٢٥٠٠ مەتر دووجا بەرزکرایەوە، کە وێنەی شەهیدانی لەسەر بوو، کە لەم دواییانەدا لەلایەن فڕۆکە هێرش بەرەکانی سعودیەو ئەمریکا شەهید بوون.