بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەکادیمیای گرامی بەرپرسیارە لە ڕێکخستن و پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵانەی گرامی و ئەندامەکانی بریتین لە ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن، بەرهەمهێنەر، گۆرانیبێژ، ڕێکخەر، تۆمارکەری دەنگ و کەسانی دیکەی پڕۆفشناڵی بواری مۆسیقا لە سەرانسەری جیهاندا.
هەروەها ئەندامانی شایستەی ئەکادیمیا بەشدارن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پاڵێوراوان و براوەکانی خەڵاتی گرامی.
"سوهراب پوورنازری" لە پەیامێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی: "لە دڵەوە سوپاسی ئەکادیمیای گرامی دەکەم بۆ ئەم متمانەیە، پەیوەندیکردن بە ئەکادیمیای گرامییەوە بەرپرسیارێتییەکی بەنرخە بۆ من و هاندەرێکە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێگای مۆسیقایمدا، هیوادارم ئەم دەرفەتە ببێتە زەمینە بۆ فێربوونی زیاتر، هاوکاریکردن و خزمەتکردن زیاتر بە هونەری مۆسیقا".
پوورنازەری لە شاری کرماشان لە دایکبووە، یەکێکە لە ناسراوترین ئاوازدانەر و مۆسیقاژەنەکانی مۆسیقای ئێرانی و کوردی.
ناوبراو ئەندامی گرووپی شەمس بە سەرۆکایەتی مامۆستا کەیخەسرەو و پوورنازری و گرووپی نیشتمانە، لە ساڵانی ڕابردووشدا لەگەڵ هونەرمەندانی وەک "محەممەدرەزا شەجەریان"، "هۆمایون شەجەریان"، و "عەلیرەزا قوربانی" هاوکاری کردووە.
ئەم هونەرمەندە کوردە ژەنیاری ئامێرەکانی تەموورە، کەمانچە و سێتارە و هەروەها مۆسیقای بۆ فیلمگەلێک وەکوو "ڕەگی خەو"، "ئاڕایش غەلیز" و "ئاستیگمات"، داناوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا "سۆهراب پوورنازری" ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ناساندنی مۆسیقای نەریتی و کوردی بە جیهان بە دروستکردنی بەرهەمی مۆسیقی و ئەنجامدانی کۆنسێرتی نێودەوڵەتی و هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندانی دیاردا.