سبەی چوارشەممە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دووبارە دەستپێدەکاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی پشووی فەرمی دوو ڕۆژ وەستاندرابوو. وەزارەتی دارایی عێراق بڕی نزیکەی دوو تریلیۆن دیناری بۆ دابەشکردنی مووچە تەرخان کردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووچەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەی هێشتا تەواو نەکراون دابەش دەکرێت.بەپێی زانیارییەکان، مووچەی چەند وەزارەت و دامەزراوی دیکە لە ماوەی ئەم هەفتە و هەفتەی داهاتوودا دابەش دەکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت ناتوانێت وادەیەکی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی دابەشکردنی مووچە دیاری بکات، چونکە ئەوە پەیوەستە بە دابینبوونی پارە و دۆخی دارایی.لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی داوە کە ناتوانرێت ئێستا وادەیەکی دیار بۆ ناردنی پارەکە بکرێت و دیار نییە لە هەفتەی داهاتوو بنێردرێت یان بۆ هەفتەی دواتر دوا بکەوێت. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش هێشتا چاوەڕوانی ناردنی مووچەی مانگی حەوتە.