لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، شێخ بەشیر سەرەخۆشی و هاوخەمیی قوڵی خۆی ئاراستەی ئوممەتی ئیسلامی، گەلی عێراق و ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی کرد بەبۆنەی ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممەی ئیمام حوسێن (ع).
سەبارەت بە ئامادەبوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان، شێخ بەشیر ڕایگەیاند: «ئەم گروپانەی لە سنورەکانی هەرێم جێگیر بوون، بەتایبەتی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، بوونەتە هۆی دروستبوونی کێشە، تووندوتیژی و قوربانی هەزاران کەس. ئەوان خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتە ئیستیکباری و کۆڵۆنیاڵییە جیهانییەکان کردووە و لە بری خزمەت بە گەلەکانیان، بوونەتە ئامرازی دەستی کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان.»
ناوبراو ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران و عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە جێگیربوونی چەکداریی ئەم گروپانە لە خاکی هەرێم، سەقامگیریی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
هەروەها وتی، سەرەڕای هەوڵە سیاسییەکان بۆ دیالۆگ، بەکارهێنانی چەک و هاوکاریکردنی هێزە دەرەکییەکان و بەشداریکردن لە تاوان؛ داوای لە حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان کرد بە جدیتر ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بگرن.
لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا بۆ «جام کوردی»، شێخ بەشیر جەختی کردەوە کە چەک و تووندوتیژی هەرگیز کێشەکان چارەسەر ناکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵگەی تەواوی داوەتە دەست لەسەر ئەوەی ئامادەبوونی ئەم گرووپانە هەڕەشەیە، و هەر لایەنێک پشتیوانییان بکات لە ئاژاوەکاندا بەشدارە.
هاوکات لەسەر هاوسەنگی هێز، شێخ بەشیر ڕوونی کردەوە: «کاتێک هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپا نەیانتوانیوە ڕووبەڕووی ئیرادەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ببنەوە، هیچ لۆجیکێک لەوەدا نییە گرووپێک بە چەکی سووکەوە هەوڵی ئاژاوەگێڕی یان بەدەستهێنانی ماف بدات لەکاتێکدا ماف بە کوشتن بەدەست ناهێندرێت.»
هەروەها ئاماژەی بە پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکانی وەک کورد، بەلووچ، عەرەب، فارس، تورک و تورکمان لە ئێران کرد کە لە ڕێگەی پەرلەمان و دیالۆگەوە کێشەکانیان چارەسەر دەکەن، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد لە ڕێگەی بەغدا و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە کار بۆ چارەسەری ئاشتییانە بکەن.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا، شێخ بەشیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئاژاوەگێڕیی هەرێمی لە دوای شەڕی سەدام لەگەڵ ئێران، بووەتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و ئاوارەبوونی خەڵک، کە ئەمانە نە لە ڕووی عەقڵ و نە لە ڕووی شەرعەوە قبوڵکراو نین.
ئەو جەختی کردەوە کە ئەم گرووپانە سوود ئێستفادە لە پرسی ڕەوای گەلی کورد دەکەن، لە کاتێکدا ئەو لایەنانەی لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێراندا هەبووە، باشترین سوودیان لە ئاشتی و هاوکاریی دوولایەنە بینیوە.
هەروەها شێخ بەشیر ئامۆژگاری ئاڕاستەی توێژی گەنجان کرد و وتی: «داوا لە گەنجان دەکەم چەک هەڵنەگرن و خۆیان بە کوشتن نەدەن لەپێناو بەرپرسانێک کە تەنها لەپێناو بەرژەوەندی و سەرمایەی خۆیاندا کار دەکەن و بازرگانی بە ئایندی گەنجانەوە دەکەن. هیواخوازم گەنجان ژیانی خۆیان نەفەوتێنن و بەرەو لۆجیک و گفتوگۆ هەنگاو بنێن.»