ئەم ستراتیژەش لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی وردی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوە دارێژراوە.

​بیلال خەیات لە لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، چوارچێوەی کاتیی سیاسەتی ئەمریکا بە هۆکاری یەکلاکەرەوە دەزانێت و ڕوونیدەکاتەوە کە مانگی تشرینی دووەم هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکانی کۆنگرێس یان گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێزدا لە ئەمریکا. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر توانای بڕیاردانی کارگێڕیی کۆشکی سپی.

تاران لەو بڕوایەدایە کە یان لە کورتمەودادا واشنتۆن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی دەرەکی زیاتر نەرمی دەنوێنێت، یانیش ئامادەیە چاوەڕێ بکات تاوەکو بە ڕوونبوونی نەخشەی سیاسیی ئەمریکا، لە پێگەیەکی بەهێزترەوە بچێتە سەر مێزی دانوستان.

​لەلایەکی دیکەوە، ئەم شیکەرەوە سیاسییە ئاماژە بە ڕەهەندی تەکنیکی و ناوخۆیی ئێران دەکات و پێیوایە تاران ئەم بۆشاییە کاتییە بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ستراتیژییەکانی بەکاردەهێنێت. ئەم دواخستنە دەرفەت بە ئێران دەدات هاوسەنگییە هەرێمییەکان بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە، پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ئاسیایی و ناوچەیییەکانی قایمتر بکات و بەمەش کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان کەم بکاتەوە.

​لە کۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ جام کوردی، بیلال خەیات جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوەی ئێران «یارییکردنە بە کات» تاوەکو بە کەمترین باج زۆرترین دەستکەوت بەدەستبهێنێت. لە کاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پەلەیانە لە داخستنی ئەم دۆسیەیە،

بەڵام ئێران وا دەبینێت کە فاکتەری کات لە بەرژەوەندی ئەودایە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مەرجەکانی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنێت.