جام کوردی - لە وتوێژێکی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی «جام کوردی»، دڵشاد بابان، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، شیکاری بۆ ڕەهەندە سەربازی و ئابوورییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تێچووی بەرزی هێرشەکانی ئەمریکا، نیشانەیەکی ڕوونی توانای بەرگری و بەرپەرچدانەوەی تارانە بەرامبەر واشنتۆن.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵێک هۆکاری سەرەکی هەن کە وایانکردووە ئەمریکا سەرەڕای خەرجکردنی تێچوویەکی زۆر، ناکام بێت لە گۆڕینی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە سەرووی هەمویانەوە جوگرافیای فراوانی ئێرانە، کە داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکەی تووشی ئاڵۆزی و ئاستەنگی زۆر کردووە.
بابان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستی و درۆنە لە ناوچەکەدا، کە توانایەکی بەرگریی درێژخایەنی پێبەخشیوە و توانای هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە. ناوبردوو جەختی لەوەش کردەوە کە تاران بە باشی دەتوانێت تاکتیکی شەڕ بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بگوڕێت، بەجۆرێک توانیویەتی زیانی بەرچاو بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو بگەیەنێت. هەر ئەم هۆکارانەش وایانکردووە زۆربەی چاودێران و ناوەندە میدیاییەکان ئێران بە سەرکەوتووی جەنگەکە دابنێن.
سەبارەت بە زیانە ئابوورییەکان، دڵشاد بابان تیشکی خستە سەر ئامارە جیاوازەکان و ڕایگەیاند بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پنتاگۆن، تێچووی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نزیکەی ٤٠ ملیار دۆلار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە خەمڵاندنی ڕۆژنامەنووسان و ناوەندە سەربەخۆ ئابوورییەکان ئەم تێچووە بە ١١٣ ملیۆن دۆلار و هەندێک لە میدیا ئەمریکییەکانیش بە ٩٥ ملیۆن دۆلار دەنرخێنن.
سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی وتیشی: "هەرکام لەم تێچوانە بێت، زیانێکی گەورەی لە ئابووری ئەمریکا داوە. بەهۆی بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمز و دروستبوونی هەڵئاوسان، نرخەکانی بەنزین و دیزل لە ئەمریکا بە ڕێژەی ٣٦% بۆ ٤٦% بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتیی ئەمریکی."
لە کۆتایی وتوێژەکەدا لەگەڵ جام کوردی، دڵشاد بابان ئاماژەی بە قەیرانی چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند کە کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو خاڵی بوونەتەوە، بەجۆرێک کۆشکی سپی داوای تەرخانکردنی ٨٨ ملیۆن دۆلاری کردووە وەک بودجە بۆ پڕکردنەوەیان.
بەپێی خەمڵاندنەکان، ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی پێویستی بەم ماوانەی خوارەوە دەبێت:
چەکە دوورهاوێژەکانی وەک مووشەک: ٢ بۆ ٤ ساڵ.
سیستەمی بەرگریی ئاسۆیی/ئاسمانی: ٣ ساڵ.
چەکی ئاسایی: ٢ ساڵ.