پەیمان عیزەدین  چاودێری سیاسی لە سەرەتای وتوێژەکەدا ئاماژە بەوە دەکات" هەڵوێستە ڕاڕا و ناڕوونەکانی دۆناڵد تڕەمپ تەنیا پەیوەست نین بە کەسایەتیی سەرۆکی ئەمریکاوە، بەڵکو بابەتەکە ڕەهەندێکی زۆر لەوە قووڵتری هەیە کە پەیوەندیدارە بە جێبەجێکردنی ستراتیژێکی نوێ بۆ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

​پەیمام عیزەدین ڕوونی کردەوە کە ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا دەبینرێن، چەندین ساڵ پێش ئێستا لەلایەن سیاسەتمەدارانی ئەمریکا و ئەوروپاوە پێشبینی کرابوون و لەرێگەی پڕۆژە و نەخشەڕێگەی جیاوازەوە بۆ ئامادەکردنی ڕای گشتی خستوویانەتە ڕوو.

​ناوبراو ئاماژەی بە ڕووداوەکانی غەززە و لوبنان کرد و رایگەیاند: "ئەو شەڕە قورسەی بەسەر غەززەدا هات و وێرانکارییەکان، لەگەڵ ئەو لێدانانەی حزبوڵڵای لوبنان، تەنیا شەڕێک نەبوون دژی حەماس و حزبوڵڵا، بەڵکو زەمینەسازیبوون بۆ لەدایکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ. هەر بۆیە لە ئێستادا لەم ناوچەیە هێڵێکی نوێی ئابووریی جیهانی دادەڕێژرێتەوە و پاراستنی ئەم هێڵە شێوازی پەیوەندی و مانەوەی دەوڵەتەکان لە ناوچەکەدا دیاری دەکات."

​لە بەشێکی دیکەی وتوێژەکەدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، پەیمان عیزەدین تیشکی خستە سەر پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی نوێ (لە هیندستانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاشان لە ئیسرائیلەوە بەره‌و ئەوروپا) کە لەلایەن ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپاوە بەڕێوە دەبرێت.

​بە وتەی پەیام عیزەدین، ئەم ڕێڕەوە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات بە دوو بەشەوە؛ بەشێکیان سوودمەند دەبن و بەشێکی دیکەشیان دەکەونە دژایەتی لەگەڵیدا. بەپێی ئەم ستراتیژە، پێویستە تەواوی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر ئەم ڕێڕەوە (چی وشکانی و چی ئاوی) هێمن و ئارام بن بۆ ئەوەی هیچ مەترسییەک لەسەر کەشتیگەل و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبێت.

​سەبارەت بە مەسەلەی ئێران و هاوپەیمانەکانی، پەیام عیزەدین ڕایگەیاند: "لێدان لە ئێران و بڕینی پەل و پۆکانی لە ناوچەکەدا، بە تەواوی خزمەت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێڕەوە ئابوورییە نوێیە دەکات. بەپێی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ چەسپاندنی ئەم نەخشەیە، تۆنی شەڕ و لێدان لە ئێران جارێک گەرم دەکرێتەوە و جارێک سارد دەکرێتەوە."

​لە کۆتاییدا ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی کردەوە کە هەرچەندە لە ڕووی ڕواڵەتەوە دۆخەکە پڕە لە دژایەتی و ڕاڕایی، بەڵام بەشی هەرە زۆری کێشە و ئاڵۆزییەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە نوێیەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.