حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەردوو کۆمپانیای دانا غاز و کرێسنت پترۆلیۆم بۆ ناردنی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ بەغدا بە تاکلایەنە دەزانێت و دەڵێت ئەم هەنگاوە بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی حکومەت گیراوە و پێشێلکردنی گرێبەستەکانە.

حکومەتی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە کە پشتیوانیی لە بڕیارەکە کردبێت و ئاماژە دەکات کە تەنیا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆمپانیاکانەوە ئاگادار بووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ئێستا هەڵسەنگاندنی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکان دەکرێت و هەموو هەنگاوە گونجاوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی حکومەت دەگیرێنەبەر.حکومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە دژی دابینکردنی غاز بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق نییە، بەڵام دەبێت ئەو پرۆسەیە لە چوارچێوەی گرێبەستەکان و بە ڕەزامەندیی حکومەتی هەرێم جێبەجێ بکرێت.