بەپێی بڕیارەکەی دادگا، ڕاگرتنی مووچە هێڵدراوەتەوە بۆ کاتی یەکلابوونەوەی یەکجارەکیی دەستووریبوونی ئەم خولەی پەرلەمان.
سەبارەت بە بڕیارەکە، عەلی حەمەساڵح ڕایگەیاند: "سکاڵای یاساییم لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردبوو بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ناساندنی حکومەت وەک حکومەتی کاربەڕێکەر، و دەرکردنی فەرمانێکی وەلائی (أمر ولائي) بۆ ڕاگرتنی مووچەی هەموو پەرلەمانتاران بە خۆشمەوە."
سەبارەت بە وەڵامی دادگا و ڕەوشی مووچەی خۆی، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "دادگا دەڵێت تا چارەنووسی دەستووریبوونی ئەم خولەی پەرلەمان یەکلایی نەبێتەوە، فەرمانی ڕاگرتنی مووچە دەرناکرێت. ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییەش بڕیارێکی بنبڕە و هیچ ڕێگایەکی تانەلێدانی تێدا نییە."
زیاتر وتیشی: "من خۆم ماوەی حەوت مانگە مووچەم وەرنەگرتووە و ڕاگیراوە، چونکە دڵنیا نین ئەم مووچەیە بۆ من ڕەوا بێت، هەرچەندە ڕۆژ نییە بەدواداچوونی خۆم بۆ پەڕلەمان و پرسەکان نەکەم."