ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم نووسیویەتی ئەم داواکاریانە لە میانی کۆبونەوەکانی کابینەی ئەمنی بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران، ئێوارەی پێنجشەممە بۆ پێداچوونەوە بە نەخشەڕێگای قۆناغی دووەمی پلانەکە ئەنجام دراون.

ڕژێمی زایۆنی لە ٨ی ئاکتەوبەری ٢٠٢٣ی زایینی لە کەرتی غەززە دەستی بە جینۆساید کرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٧٣ هەزار شەهیدی فەلەستینی و ١٧٤ هەزار برینداری لێکەوتەوە کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، ئەمە جگە لە وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی مەدەنی.

سەرەڕای گەیشتن بە ڕێککەوتنی قۆناغ بە قۆناغی ئاگربەست لە ئاکتەوبەری 2025، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و بۆردومانەکانی ڕۆژانە بووەتە هۆی شەهیدبوونی هەزار و 255 فەلەستینی و برینداربوونی چوار هەزار و 125ی دیکە کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون. هەینی ڕابردوو، "ئەنجوومەنی ئاشتی" بە سەرۆکایەتی ترەمپ ڕایگەیاند کە حەماس نەخشەڕێگاکەی قبوڵ کردووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل هێشتا هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە لەبەرچاو دەگرێت.

ئیسرائیل هیۆم بڵاویکردەوە، ئێوارەی پێنجشەممە کابینەی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی نەخشەڕێگاکە ئەنجامداوە، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی زێیڤ ئێلکین، بێزالیل سمۆتریچ، ئۆریت سترۆک و ئەڤی دیچتەر داوای دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دژی غەززە دەکەن. ڕۆژنامەکە لە زاری ئێلکینەوە نووسیویەتی کە دەستپێنەکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو هەفتە دەکاتە "قبوڵکردنی پلانەکە" و داوای ڕەتکردنەوەی گشتی بڕگەکانی نەخشەڕێگاکە دەکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیران سمۆتریچ و ستڕۆک و دیچتەر داوایان لە ناتانیاهۆ کردووە بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوبکاتەوە و دژایەتی ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانەکە پشتڕاست بکاتەوە.

سمۆتریچ بە ناتانیاهۆی وتووە: ئێوە لە مانۆڕکردندا شارەزاین، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە دەبێت شەرعییەت لێسەندرێتەوە، ناتوانین بەردەوام بین لە مانۆڕکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد: "نابێت حەماس بمێنێتەوە، دەبێت لەناوببرێت". لە لایەکی دیکەوە، ئاڤی دیچتەر، وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ئامانجی "لەناوبردنی حەماس" جێگای دانوستان نییە.